لوبنان دوای لێدوانەکەی سەبارەت بە هێزەکانی حەشدی شەعبی داوای لێبوردن لە عێراق دەکات
ئەمڕۆ پێنجشەممە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیران و جۆزێف عۆن سەرۆکی لوبنان،قووڵایی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و لوبنانیان دووپاتکردەوە و عۆنیش داوای لێبوردنی کرد لەسەر لێدوانەکانی سەبارەت بە هێزەکانی حەشدی شەعبی.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لەڕاگەیەندراوێکدا کەدەستی موتەڵع کەوتووە بڵاویکردەوە،"سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شەیاع سودانی، ئەمڕۆ پێنجشەممە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە سەرۆک کۆماری لوبنانەوە جۆزێف عۆن پێگەیشت و تێیدا پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی برا و چۆنیەتی پەرەپێدانیان لە پێناو بەرژەوەندیی هاوبەشدا تاوتوێکرد.
وتیشی پەیوەندییەکە ڕوونکردنەوەیەکی سەرۆکی لوبنان بۆ بەڕێز سودانی و سروشت و ناوەرۆکی ئەو لێدوانانەی کە بڵاوی کردەوە و ئەو چوارچێوەیەی کە تێیدا باس لە حەشدی شەعبی کرا لەخۆگرت، ئەمەش پێویستی بە وەڵامدانەوەی وەزارەتی دەرەوە هەبوو، و سەرۆک عۆن جەختتی لەسەر شانازی و پێزانینی لوبنان کردەوە بۆ پێگەی عێراق و دامەزراوەی سەربازی عێراقی و هەڵوێستە پرەنسیپییەکانی حکومەتی عێراق لە پشتیوانی کردنی گەلی لوبنان لە ڕووبەڕووبوونەوەی قەیران و ئاستەنگە جۆراوجۆرەکاندا.
هەروەها هەردوولا جەختیان کردەوە لەسەر قووڵی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و لوبنان و پتەویی ئەو پەیوەندییە مێژوویی و کەلتووری و کۆمەڵایەتییەی کە هەردوو گەلی برا بەیەکەوە دەبەستێتەوە و گرنگی هەماهەنگی هاوبەش لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاستەنگانەی کە ناوچەکە پێیدا تێدەپەڕێت.
