لیوا یەحیا رەسوڵ لەبارەی هێڕشەکانی ئەمریکا پەیامێکی بڵاوکردەوە
گوتەبێژی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، هێرشەکانی ئەمریکا پێشێلکردنی سەروەریی عێراقن و هەوڵەکانی حکومەتی عێراق بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە تێکدەدات. ئەمریکاش دەڵێت، پێشتر عێراقیان لە هێرشەکە ئاگادارکردووەتەوە
بەرەبەیانی شەممە، 3-2-2024، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا – سێنتکۆم بڵاویکردەوە، "کاژێر 12:00ـی شەو (بەکاتی هەولێر) هێزەکانمان چەند هێرشێکیان لە عێراق و سووریا کردە سەر سوپای پاسدارانی ئێران و گرووپە میلیشیاکان."
لیوا یەحیا رەسوول رایگەیاندووە: "ئەم هێرشانە لە کاتێکدایە، عێراق هەوڵەکانی چڕ کردووەتەوە لەپێناو زامنکردن و دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە."
دەشڵێت: "ئەم هێرشانە، پێشێلکردنی سەروەریی عێراقن، تێکدانی هەوڵەکانی حکومەتی عێراقن و هەڕەشەیەک پێکدەهێنن کە عێراق و ناوچەکە بەرەو دەرئەنجامە پێشبینینەکراوەکان پەلکێش دەکات، کە لێکەوتەکانی کارەساتبار دەبن بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و ناوچەکە."
