لیژنەی ئاسایش و بەرگری نوێنەرایەتی پێشنیاری پێشکەشکردنی یاسای حەشدی شەعبی دەکات بۆ پەرلەمان
ئەمڕۆ سێشەممە لیژنەی ئاسایش و بەرگری نوێنەرایەتی پێشنیاری کرد کە پرۆژە یاسای دەستەی حەشدی شەعبی بخرێتە بەردەم سەرۆکایەتی پەرلەمان بۆ ئەوەی لە دانیشتنەکانی داهاتوودا دەنگی لەسەر بدرێت.
بەشی ڕاگەیاندنی ئەنجوومەنی نوێنەران لە بەیاننامەیەکدا کە دەستی موتەڵع کەوتووە ڕایگەیاندووە: "لیژنەی ئاسایش و بەرگریی نوێنەرایەتی بە سەرۆکایەتیی پەرلەمانتار کەریم عەلیوی محەممەداوی و بە ئامادەبوونی ئەندامان، ئەمڕۆ سێشەممە کۆبوونەوەیەکی فراوانیان ئەنجامدا، وتیایدا میوانداری فەریقی یەکەمی روکن تەحسین عەبد مەتەر، ئەمینداری گشتی دەستەی حەشدی شەعبی و بەڕێوەبەری فەرمانگەی یاسایی دەستەکە کرد، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پێشهاتەکانی پەیوەست بە پرۆژە یاسای دەستەی حەشدی شەعبی."
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، "لە کۆبوونەوەکەدا پێداچوونەوە و تاوتوێی بڕگە بنەڕەتییەکانی ڕەشنووسی یاساکە کرا، کە پێشتر لە دانیشتنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ کرابوو".
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا لیژنەکە پێشنیاری کرد کە ڕەشنووسی یاساکە بخرێتە بەردەم سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران وهەردوو جێگرەکەی بۆ ئەوەی بخرێتە بەرنامەی کاری دانیشتنەکانی داهاتوو بۆ دەنگدان. ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ تەواوکردنی چوارچێوەی یاسایی بۆ کارەکانی کۆمیسیۆن و بەهێزکردنی ڕۆڵی لە چوارچێوەی سیستەمی ئاسایشی نیشتمانیدا.
