لیژنەی ئەمنی بۆ زیارەتی ملیۆنی ڕێنمایی بۆ شۆفێران دەردەکات بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتی زیارەتکاران
لیژنەی باڵای ئەمنی عێراق، چەند رێنماییەکی گرنگی ئاراستەی شۆفێرانی ئەو ئۆتۆمبێلانە کرد کە زیارەتکاران دەگوازنەوە و دەڵێت، پێویستە شۆفێری جێگرەوە لە ئۆتۆمبێلەکاندا بوونی هەبێت و هەر شۆفێرێک بە خێرایی لێبخوڕێت، بە قورسی سزادەدرێت.
ئەمڕۆ هەینی یەکی ئابـی ٢٠٢٥، عەمید میقداد میری، وتەبێژی لیژنەی باڵای ئەمنی عێراق، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، مەفرەزەکانی پۆلیسی هاتووچۆ و رادارەکان بۆ دیاریکردنی خێرایی لە سەرانسەری وڵاتدا بڵاوکراونەتەوە، بەتایبەتی لەسەر رێگا خێراکان، بۆیە هەر شۆفێرێک تیژڕەوی بکات، توندترین رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
وتیشی داوا لە سەرجەم شۆفێران دەکات بەتایبەتی ئەوانەی کە لەسەر رێگاکانی رووەو کەربەلا شۆفێری دەکەن، بە تەواوی وریابن و بە هیچ شێوەیەک خێرایی زیاد نەکەن بۆ پاراستنی گیانی زیارەتکاران و هاوڵاتیان.
دەشڵێت، هەر شۆفێرێک کە هەستی بە ماندوێتی و خەواڵوویی کرد، با ئۆتۆمبێل لێنەخوڕێت و باشتر وایە شۆفێری جێگرەوە هەبێت لە پاسەکاندا، لەپێناو سەلامەتی گشتی.
