لە تاقیگە گۆشتێک بەرهەمدەهێنرێت کە دە هەزار ساڵە گیاندارەکەی لەناوچووە
مۆزەخانەی زانستیی نیمۆ لە هۆڵەندا گۆشتێک نمایشدەکات، کە لەلایەن کۆمپانیایەکی ئوسترالییەوە بە بەکارهێنانی (DNA)ی گیانداری مامۆس لە تاقیگەدا دروستکراوە.
فیلی مامۆس نزیکەی 10 هەزار ساڵە لەناوچووە، زاناکان چەندین توێژینەوەیان لەبارەی هۆکاری لەناوچوونی ئەم گیاندارەوە کردووە و زۆرینەی توێژینەوەکان لەسەر ئەوە کۆکن، کە گیاندارەکە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە لەناوچووبێت، پاش تێپەڕبوونی هەزاران ساڵ، کۆمپانیای (ڤاو)ی ئوسترالی بە بەکارهێنانی (DNA) ئەو گیاندارە لە تاقیگەدا گۆشتێک بەرهەمدەهێنێت، کە ئێستا لە مۆزەخانەی نیمۆ لە هۆڵەندا نمایشدەکرێت.
تیم نۆکسیمێس دامەزرێنەری کۆمپانیا ئوسترالییەکە لە لێدوانێکیدا بە ئاژانسی "AFP" رایگەیاند: ئێمە دەمانەوێت ئەو تێگەیشتنە دروستبکەین، کە ئایندەی خۆراک لە هەسارەکەماندا لە ئێستا باشتر و جیاوازتر دەبێت، ئێمە دەمانەوێت بۆ ئێستا شتی نوێ و سەرنجڕاکێش بکەین، هۆکاری هەڵبژاردنی مامۆسیش بۆ ئەم تاقیکردنەوەیە، ئەوەیە، کە توێژینەوەکان دەڵێن؛ گیاندارەکە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە لەناوچووە و ئێمە وەک سیمبوولی لەناوچوون بەهۆی تێکچوونی کەشوهەواوە ناساندوومانە.
ئێرنست وۆلڤێتانگ، زیندەوەرناس و یەکێک لە بەشداربووانی پڕۆژەکە رایگەیاند: ئەو پڕۆتینەی لەم گۆشتەدا هەیە، تەمەنی چوار هەزار ساڵە و ئێمە لەو کاتەوە ئەم جۆرە پڕۆتینەمان نەبینیوە، بۆیە لە ئێستادا لەبەر هۆکاری تەندروستی ناتوانم تاقیبکەمەوە، بەڵام دوای ئەوەی توێژینەوەی زیاتری لەبارەوەکرا و لە سەلامەتیی گۆشتەکە دڵنیابووینەوە، بە خۆشحاڵییەکی زۆرەوە تاقیدەکەمەوە تا بزانم تامی چۆنە.
بۆ دروستکردنی ئەم گۆشتە، ریزبەندیی "DNA" مامۆس وەرگیراوە و رێکخراوەتەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی لە ریزبەندییەکەدا کەموکورتی هەبوو، بۆ پڕکردنەوەی ئەو کەموکورتییەش سوود لە دی ئێن ئەی فیلی ئەفریقی وەرگیراوە، کە بە نزیکترین گیاندار دادەنرێت لە مامۆسەوە، پاشان ئەو جینە لە خانەکانی بەرخدا چێنراوە و توانراوە گۆشتەکە بەرهەمبهێنرێت.
کۆمپانیا ئوسترالییەکە بەهیوایە گۆشتی دروستکراوی تاقیگە بتوانێت لە ئایندەیەکی نزیکدا کێبڕکێی گۆشتی سروشتی بکات و لە بازاڕەکاندا بفرۆشرێت.
