لە هێرشەکەی دوێنیی ئێران ئیسرائیل زیاتر لە ملیارێک دۆلار زیانی پێگەیشتووە
رۆژنامەی "یەدیعوت ئەحرنوت"ی ئیسرائیلی لە راپۆرتێکیدا بڵاویکردەوە؛ تێچووی بەرپەرچدانەوەی درۆن و مووشەکەکانی شەوی رابردوو کە ئێران ئاڕاستەی ئیسرائیلی کردن، پێنج ملیار شیکڵ (١.٣٥ملیار دۆلاری ئەمریکی) بووە.
رام عەمیناح، راوێژکاری دارایی پێشووی سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل بە رۆژنامەکەی راگەیاند: " من تەنیا باس لە تێچووی بەرپەرچدانەوەی مووشەکەکانی ئێران دەکەم، نەک زیانی ماددی بەھۆی مووشەکەکانیانەوە، کە تێچووەکەی ١.٣٥ ملیار دۆلارە".
راشیگەیاند: "یەک مووشەک لە جۆری (حیتس) کە مووشەکی بالیستیکیی ئێرانی خستووەتە خوارەوە، تێچووەکەی ٣.٥ ملیۆن دۆلارە، ھەروەھا یەک مووشەکی سیستمی (عەسای جادوویی)ش ملیۆنێک دۆلارە".
پێشتریش رۆژنامەی ھائارێتسی ئیسرائیلی لە زاری دانیاڵ ھاگاری، وتەبێژی سوپای ئیسرائیل بڵاویکردبووەوە؛ شەوی رابردوو ئێران نزیکەی ٣٥٠ درۆن و مووشەکی ئاڕاستەی ئیسرائیل کرد و لەڕێی سیستمی بەرگریی ئاسمانییەوە توانرا لە ٩٩٪ـی بەرپەرچبدرێتەوە.
وتەبێژی سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش کردووە؛ لە ٣٠ مووشەکی کرووز، ٢٥ـیان خرانە خوارەوە، ھەروەھا لە ١٢٠ مووشەکی بالیستیکیش، تەنیا چەند دانەیەک توانیویانە ئامانجەکانیان لە خاکی ئیسرائیل بپێکن.
