لە یەکەم سەردانیدا.. پادشای ئوردن پێشوازی لە سەرۆکی سوریا دەکات
ئەمڕۆ چوارشەممە شا عەبدوڵڵای دووەم، پادشای ئوردن پێشوازی لە ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سوریا کرد، کە لەدوای دەستبەکاربوونی یەکەم سەردانی فەرمی خۆی بۆ شانشینەکە ئەنجام دەدات.
دیوانی شاهانەی ئوردن لەڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند،پادشای وڵاتەکە پێشوازیکرد لەسەرۆکی سوریا لەکاتی گەیشتنی بۆ فڕۆکەخانەی مارکا لەعەممانی پایتەخت ولەچوارچێوەی سەردانێکی ماوە نادیار بۆ شانشینەکە.
ڕوونیشی کردەوە کە شەرع لە لایەن شازادە غازی بن محمد، گەورە ڕاوێژکارانی پادشا بۆ کاروباری ئایینی و کولتووری و نێردەی تایبەتی خۆی، جەعفەر حەسان سەرۆک وەزیران،وئەیمەن سەفەدی، وەزیری دەرەوە، و بەڕێوەبەری نووسینگەی پادشا، عەلا بەتاینە، پێشوازی لێکراوە.
لە بەیاننامەکەی ئوردندا ئاماژە بەوە کراوە کە سەرۆک کۆماری سوریا لە سەردانەکەیدا ئەسعەد شێبانی وەزیری دەرەوە و چەند بەرپرسێکی دیکە یاوەری دەکەن.
بڕیارە دواتر چوارشەممە بەیاننامەیەکی دیکە لە لایەن دیوانی شاهانە سەبارەت بە وردەکارییەکانی کۆبوونەوەی شا عەبدوڵڵا و شەرع بڵاوبکرێتەوە.
