ماکرۆن خۆشحاڵی نیشاندا سەبارەت بەھەنگاوی ئەمریکادا بە هێرشی مووشەکی بۆ خاکی ڕووسیا
سەرۆک کۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن خۆشحاڵی خۆی نیشاندا سەبارەت بەو ھەنگاوەی ئەمریکا کە ڕێگا بە ئۆکراینا دەدات بە ئاراستەکردنی مووشەکی دوور مەودا بۆ قۆڵایی خاکی ڕووسیا و ڕایگەیاند: "ئەو ھەنگاوە بەتەواوی دروستە".
ئیمانوێل ماکرۆن لە میانەی بەشدارییکردنی لە لووتکەی سەرکردەکانی G20دا کە لە بەڕازیل بەڕێوەدەچێت لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانییدا ئاماژەی بە گۆڕانکاری مەترسیدار لە جەنگی ڕووسیا-ئۆکراینا کرد، بەتایبەتیش کە ھێزەکانی کۆریای باکوور وەک پاڵپشتیکردنی لە ھێزەکانی ڕووسیا بەشداری لە شەڕەکەدا دەکەن.
باسی لەوەشکرد، ڕووسیا گرژییەکان زیاتر دەکات و گوتی: "وەک زانراوە کۆریای باکوور کە ھێزێکی شەڕانگێزە و بەرنامەی ئەتۆمی جێبەجێ دەکات، لەلایەن ڕووسیاوە پەلکێشی ناو شەڕەکە کراوە".
سەرک کۆماری فەڕەنسا ڕاشیگەیاند، خۆشحاڵن سەبارەت بەو ھەنگاوەی ئەمریکا کە ڕێگا بە ئۆکراینا دەدات بە ئاراستەکردنی مووشەکی دوور مەودا، قۆڵایی خاکی ڕووسیا بکاتە ئامانج و گوتی: "ئەو ھەنگاوە بەتەواوی دروستە".
ئەوەش لەکاتێکدایە تا ئێستا وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، ئەو دەنگۆیانەی پشتڕاست نەکردووەتەوە کە باس لەوە دەکەن ئەمریکا ڕێگای بە ئۆکراینا داوە، لەوەی مووشەکی دوور مەودا "ATACMC" بۆ ھێرشکردنە سەر ڕووسیا بەکاربھێنێت.
