مەسرور بارزانی دوای كۆبونەوەی لەگەڵ ماركۆ رۆبیۆ: کۆبونەوەیەکی زۆر باشمان ئەنجامداوە
مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم دوای كۆبونەوەی لەگەڵ ماركۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ڕایگەیاند، کۆبونەوەیەکی زۆر باشیان ئەنجامداوە و لە ئەمریكا پشتیوانییەکی زۆر هەیە بۆ كورستان، هەروەها بانگێشتی وەزیری دەرەوەی ئەمریكایان كردوە بۆ ئەوەی سەردانی هەرێمی كوردستان بكات.
مەسرور بارزانی، ئەمشەو بە ڕۆژنامەنوسانی ڕاگەیاند، کۆبونەوەیەکی زۆر باش و بەسودی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هەبو. بۆچون، تێگەیشتن و تێڕوانینی خۆیان لەسەر کۆی پێشهاتەکانی ناوچەکە خستوەتەڕو.
ئاماژەی بەوەشكرد، "زۆر دڵخۆشین کە بینیمان پشتیوانییەکی زۆر هەیە لەلایەن ئەمریکاوە بۆ خەڵکی کوردستان و بۆ ئەو گرێبەستانەی کە پێمان وایە لە بەرژەوەندیی هەمو کوردستان و عێراق دەبێت. هەروەها بانگهێشتی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکام کرد بۆ ئەوەی سەردانی هەرێمی کوردستان بکات.
لەبارەی ڕێككەوتنەكەی هەرێم لەسەر نەوت و گاز و بۆچونی بەرپرسانی عێراق، مەسرور بازرانی وتی، "ئەو بۆچونانەی بەرپرسانی بەغدا کە لەسەر پرۆسەکە دەیدەن، هیوادارم بێت و لە بەرژەوەندیی خەڵکی عێراقدا بیری لێ بکەنەوە. بەرپرسانی بەغدا تاوەکو نەرمی زیاتر بنوێنن، زیاتر دەبینن کە ئەو هەوڵ و کۆششەی کە ئێمە دەدەین لە بەرژەوەندیی هەمو لایەکە.
لەبارەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، مەسرور بارزانی باسی لەوەكرد، "پێمان خۆشە لە زوترین کاتدا کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێم پێکبێت".
