مەسرور بارزانی: پێویستمان بە پشتیوانی سیاسی و ئابوری زیاترە
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سروشتی هەڕەشەکانی سەر هەرێمی کوردستان گۆڕدراون و بروایان وایە پێویستیان بە پشتیوانی زیاتری سوپا و ئابوری و سیاسی دەبێت، چونکە ئەو ئاڵنگارییانەی لە ویستادا هەرێمی کوردستان روبەرویان دەبێتەوە، زۆر گەورەترە لە سەردەمی جەنگی داعش.
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی "ئێن بی سی نیوز"ی ئەمریکی راگەیاند، سروشتی ئەو هەڕەشانەی روبەروی هەرێمی کوردستان دەبنەوە دەگۆرێت، بۆیە پێویستیان بە پشتیوانی زیاتری سیاسی و سەربازی و ئابوری هەیە.
ئاماژەی بەوەشکرد، هەرێمی کوردستان پێویستی بەو پشتیوانیانە هەیە، چونکە ئەو ئاڵنگارییانەی ئەمڕۆ روبەرویان دەبێتەوە زۆر جیاوازترە لە ئاڵنگارییەکانی سەردەمی جەنگی داعش، بۆیە لەم کاتەدا چاوەڕوانی پشتیوانی زیاتر دەکەن لە ئەمریکا.
ئەوەشی خستەڕو، دەزانن کە ئەمریکییەکان وەک هاوپەیمان سەیری هەرێمی کوردستان دەکەن و بەردەوام پێیان وتون دەیانەوێت هەرێمێکی کوردستانی بەهێزتر ببینن، بەڵام پێویستە تێبگەن لەوەی کوردستانی بەهێز بە مانای چی دێت، پێویستە لە روی ئابوریی و سەربازی و سیاسییەوە بەهێز بن، وە بە دڵنیاییەوە توانایان هەبێت خۆیان لە هەڕەشەکان بپارێزن.
باسی لەوەشکرد، لەم دواییانەدا بە درۆن و موشەک هێرشکراوەتە سەر هەرێمی کوردستان، هەرێمەکە توانای نییە بەرگری لە خۆی بکات دژی ئەو هەڕەشانە، بۆیە دەڵێن پێویستیان بە پشتیوانی سەربازی زیاترە لە ئەمریکا، نەک لە روی زیادکردنی ژمارەی سەربازەکانەوە، بەڵکو لە رێگەی توانای سەربازییەوە.
مەسرور بارزانی رونیشیکردەوە، پێویستیان بەو پشتیوانییە سەربازییانەیە، تاوەکو هێزەکانی پێشمەرگە جگە لە بەرگریکردن لە خەڵک، توانای بەرگریکردنی لە هەمو کوردستان هەبێت.
