مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی لەگەڵ سكرتاریەتی یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان كۆبوویەوە
مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی لەگەڵ سكرتاریەتی یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان كۆبوویەوە.
ئەمڕۆ یەكشەممە (17ـی كانونی یەكەمی 2023) لە سەلاحەدین، مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ سكرتێر و ئەندامانی سكرتاریەتی یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان كۆبوویەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا بەپێی بارەگای بارزانی، لە گوتەیەكدا مەسعود بارزانی وێڕای ئاماژەدان بۆ ڕۆڵی یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان لە قۆناغە جیاجیاكانی خەباتی گەلی كوردستان، قوربانیدان و ماندووبوونی ئافرەتانی كوردستانی بەرز نرخاند و بەپێویستی زانی كە لە قۆناغی داهاتوودا یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان لە پێگەیاندن ئافرەتان و قووڵكردنەوەی هۆشیاریی نەتەوەیی و نیشتیمانیی ئافرەتان بە گڕوتینێكی زیاتر و سەردەمیانە بەردەوام بن. هەروەها كار بۆ بەرگریكردن و پاراستنی مافەكانی ئافرەت لە كایە جۆراوجۆرەكانی كۆمەڵگەی كوردستانیدا بكەن.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا بارزانی سوپاسی سكرتێر و ستاڤی سكرتاریەتی یەكێتی ئافرەتانی كوردستانی كرد كە ئەركەكانیان بە باشی بەجێگەیاندووە و پەیوەست بە بەستنی كۆنگرەی نۆیەمی یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان لە داهاتوویەكی نزیكدا ئامۆژگاری و ڕێنوێنیی پێویستی خستەڕوو.
