مەندەلاوی: ڕۆڵی سەرۆک وەزیران لە دیاریکردنی "ڕۆژی شەهیدی فەیلی" بەرز دەنرخێنین
موحسین مەندەلاوی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان ئەمڕۆ شەممە ستایشی ڕۆڵی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراقی کرد لە دیاریکردنی "رۆژی شەهیدی فەیلی".
نووسینگەی ڕاگەیاندنی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، "موحسین مەندەلاوی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان، سەرپەرشتی ڕێوڕەسمی ساڵانەی یادکردنەوەی ناوەندیی بە بۆنەی ڕۆژی شەهیدی فەیلی و ڕووخانی حیزبی لەناوچووی بەعس، بە ئامادەبوونی سەرۆک کۆمار و ژمارەیەک پەرلەمانتار و وەزیر و سەرکردەی سیاسی کرد".
لە میانی وتارەکەیدا لە مەراسیمی یادەکەدا، مەندەلاوی داوای لە حکومەت کرد کە شیکردنەوەیەکی کردەیی پێشکەش بکات بۆ جێبەجێکردنی دەرئەنجامەکانی بڕیارنامەی (426)ی ساڵی 2010 بۆ لابردنی کاریگەرییە نەرێنییەکان لەسەر پێکهاتەی فەیلی، ئاماژەی بەوەدا کە “پەرلەمان ئارەزووی دامەزراندنی سندوقێکە بۆ ناوچە زیانلێکەوتووەکان لە هێڵی سنووری و دروستکردنی کۆمەڵگەی نیشتەجێبوون بۆ ئاسانکاری بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکانی ناچاری”.
مەندەلاوی داوای لە سەرۆک وەزیران کرد پرسی دەرکراوانی سیاسی بۆ گەڕانەوەی پێکهاتەی فەیلی بکاتەوە، جەختیشی لە سەر پێویستی "بەدواداچوون بۆ هەموو تاوانبارانی دەرەوەی عێراق لە ڕێگەی ئینتەرپۆلەوە کرد کە بەشێک بوون لە هەڵمەتە جینۆسایدەکانی دژی خەڵکی بێتاوان".
مەندەلاوی جەختی لە "پەرۆشی بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارە ناڕەواکانی ژمارە (617) و (489)ی ساڵی 1981 بۆ گەڕاندنەوەی مافەکان بۆ خاوەن ڕەواکانیان کردەوە"، ڕوونیشیکردەوە، "شاری مەندەلیمان گەڕاندۆتەوە بۆ قەزا و هەوڵەکانمان بەردەوامن بۆ ئاوەدانکردنەوەی شارەکانی کوردانی فەیلی".
مەندەلاوی داوای لە "دەسەڵاتی پەیوەندیدار کرد هەوڵەکانیان چڕتر بکەنەوە بۆ گەڕان بەدوای ڕوفاتی (22) هەزار گەنجی فەیلی ونبوو لە گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا"، داوای "پێداچوونەوەش بە یاساکانی دادپەروەری ڕاگوزەر دەکات".
موحسین مەندەلاوی جێگری یەکەمی سەرۆک پەرلەمان ستایشی بڕیارەکەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراقی کرد بۆ دیاریکردنی ڕۆژێک بۆ شەهید فەیلی.
