نێچیرڤان بارزانی له‌باره‌ی كۆنگره و خۆهه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى په‌كه‌كه پەیامێکی بڵاوکردەوە
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان له‌باره‌ی كۆنگره و خۆهه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى په‌كه‌كه، ڕایگه‌یاند، ئێستا كاتى ئه‌وه‌یه و هه‌موان چاویان له‌وه‌یه ئەم هەنگاوە گرنگه بە هەنگاوی دیكه‌ى ئەرێنی و پێویست لەلایەن هەمو لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە وەڵامبدرێتەوە، ئه‌مه زەمینەیەکی دروست و گونجاو ده‌هێنێته ئاراوه.
نێچیرڤان بارزانی ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه له ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا باسی له‌وه‌كردوه، "پێشوازی لە بڕیاری PKK بۆ خۆهەڵوەشاندنەوە و چه‌کدانان و به‌پیره‌وه‌چونی بانگه‌وازی به‌ڕێز ئۆجه‌لان دەکەین و بە هەنگاوێکی چارەنوسسازى دەزانین کە لاپەڕەیەکی نوێ لە ناوچەکەدا دەکاتەوە، ئەم هەنگاوە نیشانه‌ى پێگەیشتنی سیاسییه و ڕێگە بۆ دیالۆگێکی ڕاستەقینە دەکاتەوە کە پێکەوەژیان و سەقامگیری لە تورکیا و سەرتاسەری ناوچەکە بەهێز دەکات".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه، ئێستا كاتى ئه‌وه‌یه و هه‌موان چاویان له‌وه‌یه ئەم هەنگاوە گرنگه بە هەنگاوی دیكه‌ى ئەرێنی و پێویست لەلایەن هەمو لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە وەڵامبدرێتەوە، ئه‌مه زەمینەیەکی دروست و گونجاو ده‌هێنێته ئاراوه و ده‌بێته بنەمای ئاشتییەکی هەمیشەیی و گشتگیر کە کۆتایی بە دەیان ساڵ له توندوتیژی و ئازار و مه‌ینه‌تى دەهێنێت و ناوچەکە بەرەو ئاسۆی نوێی پێشکەوتن دەبات.
نێچیرڤان بارزانی ده‌ڵێت، "وێڕای ستایش و پێ‌زانین بۆ ڕۆڵی سه‌رۆک ئه‌ردۆگان له پشتگیری‌کردن و هه‌وڵه‌کانی بۆ سه‌رخستنی پرۆسه‌که، دوپاتى ده‌كه‌ینه‌وه كه هەرێمی کوردستان وه‌ك هه‌میشه پشتگیریی هه‌مو هەوڵێك بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان بە شێوەیەکی ئاشتیانە دەکات و هیوادارین ئەم دەستپێشخەرییە ببێتە خاڵی وەرچەرخانێکی یەکلاکەرەوە".
له ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا ئه‌وه‌ش هاتوه، "ئامادەییی تەواوی خۆمان دەردەبڕین بۆ به‌رده‌وامی له پێشکەشکردنی هه‌ر جۆرە یارمه‌تى و هاوكارییه‌ك بۆ سەرکەوتنی ئەم دەرفەتە مێژویییە".
