نێچیرڤان بارزانی و حەیدەر عەبادی جەخت لە چارەسەركردنی كێشەكانی هەولێر ـ بەغداد بە گفتوگۆ دەكەنەوە
ئەمڕۆ چوارشەممە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی پێشووتری عێراقی فیدراڵ و سەرۆكی هاوپەیمانی نەسر، جەختیان لە گرنگی پاراستنی ئارامی و سەقامگیری سیاسی وڵات و چارەسەركردنی كێشەكانی هەولێر ـ بەغدا بە گفتوگۆ و لێكگەیشتن كردەوە.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكی هەرێم لە راگەیەنراوێكدا كە دەستی موتەڵع کەوتووە، دەڵێت: نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە دیدارێكدا لەگەڵ حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی پێشووتری عێراقی فیدراڵ و سەرۆكی هاوپەیمانیی نەسر، دۆخی عێراق و هەرێمی كوردستان و گفتوگۆی چارەسەركردنی كێشەكانی هەولێر ـ بەغدا و هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیان تاوتوێ كرد.
هەردوولا جەختیان لە گرنگی پاراستنی ئارامی و سەقامگیری سیاسی وڵات و چارەسەركردنی كێشەكانی هەولێر ـ بەغدا بە گفتوگۆ و لێكگەیشتن كردەوە، هەروەها دەربارەی داهاتووی پرۆسەی سیاسی و هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و بەشداریی هێز و لایەنە سیاسییەكان و پێكهاتەكانی عێراق، بیروڕایان گۆڕییەوە.
