نەخۆشخانەی هیوا: تەنها لەمانگی ڕابردودا 275 حاڵەتی نەخۆشی شێرپەنجەیی لە نەخۆشخانەكە تۆماركراون
د.یاد نەقشبەندی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا بۆ توشبوانی شێرپەنجە ڕایگەیاند، تەنها لەمانگی ڕابردودا 275 حاڵەتی نەخۆشی شێرپەنجەیی لە نەخۆشخانەكە تۆماركراون. هەروەها داوا لە حكومەتی هەرێم دەكات بڕیار بدات لەسەر دروستكردنی نەخۆشخانەی هیوای گەورە لە سلێمانی، لەگەڵ دروستكردنی سەنتەرێكی دەستنیشانكردنی نەخۆشییەكە.
د.یاد نەقشبەندی، ئەمڕۆ چوارشەممە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، تەنها لە مانگی یەكی ئەمساڵدا 478 كۆدی نوێ لە نەخۆشخانەی هیوا كراونەتەوە، كە 275 حاڵەتی نەخۆشی شێرپەنجەیی بونە و ئەوانەی دیكە نەخۆشییەكانی خوێن بونە كە لە نەخۆشخانەكە چارەسەریان بۆ ئەنجام دەدرێت.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئامار شتێكی یاساییە و لەڕوی زانستیەوە گرنگییەكەی گەورەی بۆ پزیشكان نیە، ڕاستە ئامارەكان لە شاری سلێمانی بەرزە، بەڵام یەك مانگ پێوەر نیە و لەكۆتایی ساڵدا بەرزونزمی دیاری دەكرێت. هەروەها سەرجەم ئەو كەسانە لە نەخۆشخانەی هیوان خەڵكی پارێزگای سلێمانی نین، زیاتر لە 20% ئەوانە خەڵكی پارێزگاكانی دیكە هەرێم و ناوچەكانی عێراقن.
د. یاد نەقشبەندی باسی لەوەشكرد، بە هیوان وەزارەتی تەندروستی و ئەنجومەنی وەزیران بڕیار بدات لەسەر دروستكردنی نەخۆشخانەی هیوای گەورە لە سلێمانی، لە شوێن و بینایەكی گونجاودا. هەروەها وتیشی، "هەنگاوی دوەم كردنەوەی سەنتەرێكی دەسنیشانكردنی نەخۆشییەكانی شێرپەنجە لە قۆناغەكانی سەرەتادا، نەك وەك ئەوەی ئێستا كە لە قۆناغەكانی كۆتایدایە".
