هاوسەرۆکی ئەنجومەنی مەدەنی شاری ڕەققەی سوریا لەکاتی ئەنجامدانی نەشتەرگەری گیانی لەدەستدا
ئەمرۆ شەممە (25ـی تشرینی دووەمی 2023)، لەیلا مستەفا هاوسەرۆکی ئەنجومەنی مەدەنی شاری ڕەققەی سوریا لەکاتی ئەنجامدانی نەشتەرگەری گیانی لەدەستدا.
لەم بارەیەوە جەنەرال مەزڵوم کۆبانێ، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس پرسەو هاوخەمی دەربڕی و لە هەژماری فەرمی خۆی بڵاویکردۆتەوە، "بە پژاک و دڵتەنگییەکی زۆرەوە ماڵئاوایی لە یەکەم هاوسەرۆکی ئەنجومەنی مەدەنی شاری ڕەققە دەکەین، ئەندازیار لەیلا مستەفا کە سەرکردایەتی بنیاتنانەوەی شارەکەی کرد، کە داعش وەک پایتەختی خەلافەتەکەی داینابوو".
نوسيویەتیش: ئەندازیار لەیلا هێمای ژنێکی ئازاد و ئارەزوومەند بوو، کە بە سەختی شەڕی کرد بۆ دامەزراندنی سیستەمی خۆسەری و سەرکردایەتی پرۆسەی لەناوبردنی ئایدۆلۆژیای تیرۆریستی داعش و دابینکردنی سەقامگیری و پێکەوەژیان کرد، هەروەها خەڵاتی "سەرکردەی جیهان"ـی پێدرا لە ساڵی 2021.
هەروەها هاتووەش، هاوخەمی خۆمان بۆ خێزانەکەی و ئەو کۆمەڵگایە دەگەیەنین کە سەرکردەیەکی مەزن و هێمای یەکسانی و مرۆڤایەتی لەدەستدا".
لەیلا مستەفا، كوردی خەڵکی رۆژئاوای کوردستانە و لە 12 ئەیلوولی ساڵی 1988 لە شاری رەققە لەدایکبووە،
ئەندازیار لەیلا وەک یەکەم ئافرەت لە هاوسەرۆکایەی ئەنجومەنی شارستانی شاری ڕەققە کاری کردووە لە 2017 بۆ 2022 دوای کۆنترۆڵکردنی شارەکە لەدەست تیرۆرستانی داعش لەلایەن شەڕڤانانی هەسەدەوە.
لەیلا مستەفا لە ساڵی 2021 خەڵاتی شارەوانی جیهانی نێودەوڵەتی بردەوە، کە لەلایەن دامەزراوەی «سیتی مایەرز»ەوە پێشکەش بە دیارترین سەرۆکەکانی شارەوانییەکانی جیهان دەکرێت، کە بە دڵسۆزی و دادپەروەری و یەکسانی خزمەتی هاوڵاتیانی شارەکەیان کردبێت، ئەمەش بۆ هەوڵە بێ ماندوونەبووەکانی لە بنیاتنانەوەی شاری ڕەققە، کە پێشووتر لەلایەن دەوڵەتی ئیسلامییەوە وەک پایتەختی خەلافەتی وەرگیرا، کە بە تەواوی وێران بوو و ئەندازیار لەیلا مستەفا خەڵاتەکەی پێدرا بەهۆی دڵسۆزی و ڕاستگۆیی و سووربوونی بۆ بنیاتنانەوەی شارەکە کە چەکدارانی داعش مینی لە هەموو گۆشەیەک و شەقام و گەڕەکێکدا چاندبوو.
