هەرێم.. ئامادەکاریی بۆ حەجی ساڵی داهاتوو دەسپێدەكات
ئەمڕۆ یەکشەممە بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومڕەی کوردستان ڕایگەیاند، ئامادەکاریی بۆ حەجی ساڵی داهاتو دەسپێدەكات، بە مەبەستی پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری بە حاجیان.
بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومڕەی کوردستان، لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، بۆ پرۆسەی حەجی ساڵی داهاتوو 2026 دەست بە ئامادەکارییەکان دەکات بە مەبەستی پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری بە حاجیانی کوردستان
ئاماژەی بەوەشكرد، هەریەک لە کاروان ستونی، وتەبێژی بەرێوەبەرایەتی و سیروان عەبدولرحمان، نوێنەری بەرێوەبەرایەتیەکە لە دەستەی باڵای حەج و عومڕەی عیراقی دەستنیشان کراون تاوەکو شانبەشانی دەستەی باڵای حەج و عومڕەی عیراق بەدواداچون و سەردانی ئەو هۆتێلانە بکەن کە بۆ ساڵی داهاتو لە شاری مەدینەی پیرۆز بۆ حاجیانی عیراق و کوردستان دەستنیشان دەکرێن، لەگەڵ چاودێریکردنی ئەو خواردنەی کە بۆ حاجیان ئامادە دەکرێت.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، "وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی ساڵانە ئامادەکاری باش دەکات، تاوەکو بە باشترین شێوە خزمەتی حاجیانی کوردستان بکرێت و پارساڵ و ساڵانی رابردویش گەواهیدەری ئەو راستەبون کە حاجیان بە چ جۆرێک خزمەت کراون و خزمەتگوزارییان پێشکەش کراوە".
لەو بارەیەوە کاروان ستونی، وتەبێژی حەج و عومڕەی کوردستان راگەیاند، بە سوپاسەوە ئەمساڵ راسپێردراوین بۆ ئەوەی ئەو خزمەتە پێشکەش بە حاجیان بکەین و هەر سبەی رێکكەوتی 22ـی (ئەیلول/9) بەرەو شاری مەدینە بەڕێ دەکەوین بۆ دەستپێکردنی ئامادەکارییەکان بۆ پرۆسەی حەجی ساڵی داهاتو 2026.
دەشڵێت، "هەوڵدەدەین ساڵ بە ساڵ بە باشترین شێوە خزمەتی حاجیانی کوردستان بکەین و لەوبارەیەوەش سەرکەوتنی گەورەمان بەدەستهێناوە و لە ماوەی سێ ساڵی رابردو پشکی شێری ئەو خەڵاتەمان بەرکەوتوە کە سێ ساڵە شاندی حاجیانی عیراق لەسەر ئاستی هەمو شاندی وڵاتان خەڵاتی لبیتم وەردەگرێت وەکو باشترین شاندنی حاجیان".
