هەڵەبجە.. چەند مەرجێکی تەندروستی بۆ فرۆشتنی خواردن لە مانگی ڕەمەزاندا بڵاوکرایەوە
ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی پارێزگای هەڵەبجە، فرۆشیاران ئاگاداردەکاتەوە، ئەو خواردنانەی دەیفرۆشن لە مانگی ڕەمەزاندا، پێویستە بەپێی ئەو مەرجانە بێت کە بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاماژەی پێداوە، بە پێچەوانەوە دەست بەسەر خواردنەکەیدا دەگیرێت.
تەندروستی هەڵەبجە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردۆتەوە و تێیدا هاتووە، بازرگان و خاوەن فرۆشگاکان، ئاگادار دەکەنەوە کە لە مانگی ڕەمەزاندا، شەربەت، شیرینی بە هەموو جۆرەکانیەوە، خورما و هەر خۆراکێکی تر پێویستە لەیبڵی لەسەربێت.
هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، پێویستە خواردنەکان ئەم مەرجانەی خوارەوە لەخۆ بگرن و بە پێچەوانەوە، دەستیان بەسەردا دەگیرێت.
- ناوی خۆراکەکە.
- ناو و ناونیشانی کارگە و شوێنی دروستکردنی.
- ژمارەی مۆڵەتی تەندروستیی کارگەکە، واتە شوێنی دروستکردنی دیاربێت و لەژێر چاودێریی تەندروستیدا بێت.
- بەرواری دروستکردن و بەسەرچوونی خۆراکەکە.
ئاماژە بەوەشکراوە، پێویستە شوێنی دروستکردن، گواستنەوە، کۆگاکردن و فرۆشتن، لە ڕووی تەندروستییەوە گونجاوبێت.
