وڵاتی بەڕازیل پلانێکی دەستپێکرد بۆ پاراستنی دارستانەکانی ئەمازۆن بە ئامانجی ڕاگرتنی دار بڕین
وڵاتی بەڕازیل پلانێکی دەستپێکرد بۆ پاراستنی دارستانەکانی ئەمازۆن بە ئامانجی ڕاگرتنی تەواوی دار بڕین تا ساڵی 2030 لە 9 ویلایەتی حەوزەی ئەمازۆن کە ڕووبەرەکەی 5 ملیۆن کیلۆمەتر دووجایە.
سەرۆکی بەڕازیل لویس لولا دا سیلڤا بەڵێنی جێبەجێکردنی پلانێکی توندی ئاسایشی دا بۆ ڕاگرتنی پێشێلکارییە ژینگەییەکان.
حکومەتی دا سیلڤا بەڵێنی داوە بەردەوام بێت لە ڕاگرتنی بڕینەوەی دارەکان بەگشتی و بەتایبەتی لە دارستانی ئەمازۆن.
ئەم ڕاگەیاندنەی پلانەکە نزیکەی دوو ساڵ دوای ئەوە هات کە بەڕازیل چووە پاڵ ڕێککەوتنێکی 140 وڵات بە مەبەستی ڕاگرتنی بڕینەوەی دارەکان لە جیهان.
پلانەکە لەسەر بنەمای پابەندبوون بە خشتەیەکی کاتییە کە جەخت لەسەر پاراستنی دارستانەکان دەکات، و جێبەجێکردنی سیاسەتی پاراستنی ئەمازۆن بە 12 وەزارەت سپێردراوە تا کۆتایی ماوەی سەرۆکایەتی لۆلا دا سیلڤا لە ساڵی 2027.
سەرۆکی بەڕازیل لویز لولا دا سیلڤا وتی, پلانەکە لە ڕێگەی چاودێریکردنی سەتەلایتەوە جێبەجێ دەکرێت بۆ ئەوەی دەسەڵاتداران بتوانن بە خێرایی مەترسییە ژینگەییەکان دیاری بکەن و ڕووبەڕووی ببننەوە، وتیشی، پلانێکی توندی ئەمنی بە هاوبەشی لەگەڵ حکومەتەکانی ویلایەتەکانی ئەمازۆن جێبەجێ دەکرێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی داگیرکردنی نایاسایی زەوی و دار بڕین و ڕاوکردنی نایاسایی.
لەم بارەیەوە، داکۆکیکارانی ژینگە و دامەزراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان بە پەرۆشی خۆیان دەربڕی بۆ هەنگاوەکانی داهاتووی حكومەتی بەڕازیل بۆ پارستنی ژینگە و سروشتی ئەمازۆن.
