وەزارەتی دارایی عێراق: مافەکانی فەرمانبەران لە دەرماڵە و پلە بەرزکردنەوە بە تەواوی پارێزراوە
وەزارەتی دارایی عێراق ڕایگەیاند، مافەکانی فەرمانبەران لە دەرماڵە و پلە بەرزکردنەوە بە تەواوی پارێزراوە و بەدواداچون بۆ دامەزراندنی فەرمانبەرە نوێیەکان و زانینی ژمارەی فەرمانبەرانی فعلی و نافعلی دەکەن، دەشڵێت، "خشتەی بودجە دەرفەت دەدات بە دڵنیابون لە ڕونەدانی سەرپێچی و ڕێکخستنی خەرجی حکومی و دیاریکردنی سنوری تەرخانکراوی پارە بۆ وەزارەتەکان و لایەنە نەبەستراوەکان بە وەزارەتەكانەوە، لەوانە هەرێمی کوردستان".
وەزارەتی دارایی عێراق، ئەمشەو لە ڕاگەیەندراوێكدا کە ئاژانسی "موتەڵع"بەدواداچوونی بۆ کردووە بڵاویكردەوە، بەگوێرەی گشتاندنی ژمارە (555) ی ساڵی 2025 وەزارەتی دارایی ڕونیدەکاتەوە کە ڕێکارەکانی پەیوەست بە ڕاگرتنی گواستنەوەی خزمەت، پلە بەرزکردنەوە، هەژمارکردنی خزمەتی گرێبەستەکان، خزمەتی ڕۆژنامەوانی، پارێزەرایەتی و هی تر، ڕێکارێکی ساڵانەیە.
ئاماژەی بەوەشكرد، جێبەجێ نەركردنی ئەو ڕێكارانە بەهۆی نەبونی خشتەی بودجەی ساڵی 2025ەوە، چونکە خشتەی بودجە دەرفەت دەدات بە دڵنیابون لە ڕونەدانی سەرپێچی یان گرفت لە دابەشکردنی پارە، هەروەها دڵنیابون لە ڕێکخستنی خەرجی حکومی و دیاریکردنی سنوری تەرخانکراوی پارە بۆ وەزارەتەکان و لایەنە نەبەستراوەکان بە وەزارەتەكانەوە، لەوانە هەرێمی کوردستان.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، وەزارەت جەخت لەسەر گرنگی بەدواداچون بۆ دامەزراندنی فەرمانبەرە نوێیەکان و زانینی ژمارەی فەرمانبەرانی فعلی و نافعلی دەکاتەوە بۆ دڵنیابون لە خەرجکردنی موچەکان بە شێوەیەکی دروست لە مانگی (کانونی دوەم/1).
ئەوەشی خستەڕو، مافەکانی فەرمانبەران لە دەرماڵە و پلە بەرزکردنەوە بە تەواوی پارێزراون، هەژمارکردنیان بەپێی گشتاندنی بەشی یاسایی ژمارە (7497) لە 2021 دەبێت، کە لە بەرواری شایستەبونەوە هەژمار دەکرێت نەک لە بەرواری دەرچونی فەرمانی وەزاری.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، ڕێکارەکانی دەستبەکاربونی یەکەمەکان و دەرچوانی ساڵی 2024، کە ئەنجومەنی خزمەتی فیدراڵی ڕایگەیاند، تەواو نەبوە و زانیارییە تایبەتیەکان هێشتا لە نوێکردنەوەدان.
باسی لەوەشكرد، وەزارەتی دارایی زۆربەی پارە تەرخانکراوەکانی بۆ پلە نوێیەکانی ساڵی 2024ی وەزارەتەکان تەرخانکرد، بەڵام دەستبەکاربونی ڕاستەقینە لەسەر ئاستی فەرمانگەکان بوە، بۆیە وەزارەت ئێستا کار لەسەر بەدواداچونی تێچوە داراییەکانی فەرمانبەران دەکات بۆ تۆمارکردنیان بە شێوەیەکی دروست و دڵنیابون لە نەبونی کەمی لە تەرخانکردن لە خشتەکانی خەمڵاندنی ساڵی 2025.
