وەزارەتی دارایی عێراق چاکسازی لە سیستمی خانەنشینیدا دەکات
بەمەبەستی ئەنجامدانی چاکسازی لە سیستمی خانەنشینیدا، شاندێکی دەستەی خانەنشینیی عێراق لە گەڵ بانکی نێودەوڵەتی کۆبووەوە.
وەزارەتی دارایی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە چوارچێوەی پێشکەشکردنی هاوکاری تەکنیکی بۆ چاکسازی لە سیستمی خانەنشینیدا لە عێراق، شاندێکی دەستەی خانەنشینی نیشتمانی عێراق بە سەرۆکایەتیی ماهیر حسێن رەشید، سەرۆکی دەستەکە و شاندێکی یاوەری، لەگەڵ ئەندامانی بانکی نێودەوڵەتی لە ئیستانبوڵ کۆبوونەتەوە.
وەزارەتی دارایی عێراق راشیگەیاندووە، شاندەکەی دەستەی خانەنشینی عێراق ماوەی دوو رۆژ لە ئیستانبوڵ بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ لەگەڵ ئەندامانی بانکی نێودەوڵەتیدا دەمێننەوە و بە گوتەی وەزارەتەکە، ئەمە هەنگاوێکی گرنگە بۆ باشترکردنی دەرفەتەکانی داهاتوویەکی باشتر بۆ هاوڵاتییان.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، لە میانی کۆبوونەوەکەدا بانکی نێودەوڵەتی پێشنیازی بەرنامەیەکی کردووە کە توانای پێشکەشکردنی هاوکاریی تەکنیکی و تەکنەلۆجی لەخۆدەگرێت بۆ عێراق و هاوکاردەبێت بۆ ئاسانکاری لە پرۆسەی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکاندا بە خانەنشینان.
ئەوەشیان خستووەتەڕوو، دەستەکە پێشوازیی لە هاوکارییەکان کردووە و گفتوگۆکان بەردەوامن سەبارەت بە وردەکارییەکانی دیکەی پێشکەشکردنی هاوکاری.
