وەزارەتی دەرەوە پێشوازی لە بڕیاری دادگای دادی نێودەوڵەتی بۆ رێگری لە کۆمەڵکوژی فەڵەستینییەکان دەکات
وەزارەتی دەرەوەی عێراق پێشوازی لە بڕیاری دادگای دادی نێودەوڵەتی بۆ وەستاندنی کۆمەڵکوژی فەڵەستینییەکان دەکات.
ئەمڕۆ هەینی (26ـی کانوونی دووەمی 2024) وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە میانەی راگەیاندراوێکدا رایگەیاند، پێشوازی لەو بڕیارەی دادگای دادی نێودەوڵەتی بۆ وەستاندنی کۆمەڵکوژی فەڵەستینییەکان دەکەین، کە چەندین مانگە ئیسرائیل پیشێلی یاسا نێودەوڵەتییەکانی کردووە.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق گرنگی راگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر خەڵکی غەززە دووپاتدەکاتەوە. ئاماژەی بەوەشدا، ئەو ئۆپەراسیۆنانە رێگربوون لە هاتنە ناوەوەی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ خەڵکی غەززە.
هەروەها وەزارەتەکە پیزانینی خۆی بۆ هەڵوێست و هەوڵەکانی باشووری ئەفریقا و تیمی یاسایی خۆی لە پەسەندکردنی دۆسیەی تۆمارکردنی داوای یاسایی لە دژی بەردەوامی پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل لە بەردەم دادگای نێودەوڵەتی دەردەبڕێت.
