وەزارەتی دەرەوەی یەمەن: ئیدانەی هێرشکردنە سەر کێڵگەی کۆرمۆر دەکەین لە هەرێمی کوردستان
وەزارەتی دەرەوەی یەمەن رایگەیاند، بە توندی ئیدانەی هێرشکردنە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە هەرێمی کوردستان دەکەن کە بەهۆیەوە چوار کارمەندی یەمەنی گیانیان لەدەستدا و چەند کەسێکی دیکەش بریندار بوون، هاوکات سەرەخۆشی و هاوخەمی خۆیان ئاڕاستەی کەسوکاری ئەو کەسانە دەکەن.
وەزارەتی دەرەوەی یەمەن راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، ئیدانەی هێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە هەرێمی کوردستان دەکەن و لەگەڵ باڵیۆزخانەی وڵاتەکەیان لە بەغدا لە هەماهەنگی و بەدواداچوونی تەواودان بۆ لێكۆڵینەوە لە هێرشەکە.
ئاماژەی بەوەش کراوە، بۆ بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لە هێرشەکە لەڕێگەی باڵیۆزخانەی وڵاتەکەیان لە بەغدا لە پەیوەندیدا دەبن لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە کۆماری عێراق و دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان.
باس لەوەش کراوە، بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان کار دەکەن بۆ گەڕاندنەوەی تەرمی ئەو چوار کارمەندە یەمەنییەی بەهۆی هێرشەکەوە گیانیان لەدەستدا، هاوکات، لە نزیکەوە چاودێری دۆخی تەندروستی ئەو کەسانە دەکەن کە هەر بەهۆی هێرشەکەوە بریندار بوون.
