وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە كۆتایی ئەم مانگەدا سەردانی بەغداد دەكات
ئەحمەد سەحاف، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە ڕایگەیاند، كە وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە كۆتایی ئەم مانگەدا سەردانی بەغدای پایتەخت دەكات.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند: جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق و وەزیری دەرەوە فوئاد حسێن، پێشوازیان كرد لە ڕاوێژكاری كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریقا لە سەرۆكایەتی كۆماری فەرەنسا،
پاتریک دورێل.
ئاماژەی بەوەشكرد: لە دیدیارەكەدا پێداچوونەوە بە پێشكەوتنی پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان بەغداد و پاریس و ڕێگاكانی فراوانكردنیان كرا بە زیادكردنی قەبارەی هاریكاری لە هەموو بوارەكاندا بەگوێرەی ئەو ڕێككەوتنە ستراتیژییە هەمەلایەنەی كە لە نێوان هەردوو وڵات لە هەموو بوارەكاندا واژۆ كراوە بەتایبەتی لە بواری وەبەرهێنان، ئابووری، وزە و ژینگە.
رونیشیكردەوە: لەدیدارەكەدا هەردوولا تاوتوێی سەردانە هاوبەشەكانی نێوان بەرپرسانی هەردوو وڵاتیان كرد، دیارترینیان سەردانی چاوەڕوانكراوی ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆكی فەرەنسا بۆ بەغداد بوو، هەروەها سەردانی چاوەڕوانكراوی وەزیری دەرەوەی فەرەنسا بۆ بەغداد لە كۆتایی ئەم مانگەدا.
