وەزیری سەرچاوە ئاوییەکان: کۆمەڵێک ڕێوشوێنمان گرتووەتەبەر لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ سەبارەت بەدۆسیەی ئاو
ئەمڕۆ یەکشەممە"عون زیاب " وەزیری سەرچاوە ئاوییەکان، سەبارەت بە پرسی ئاو ڕایگەیاند: کە کۆمەڵێک ڕێوشوێن گیراوەتەبەر بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ.
"زیاب" لە وتارەکەیدا لە میانی چوارەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ئاوی بەغدا،کە ئاژانسی (موتەڵع)چاودێری کرد وتی: ئامانجی کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ئاوی بەغدا کردنەوەی دەروازەیەکە بۆ هاریکاری هاوبەش لەبارەی پرسی ئاو،جەختیشی لەوە کردەوە کە پێویستە ژمارەیەک ڕێوشوێن وەربگیرێت لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا سەبارەت بەم مەلەفە.
ووتیشی : سنووردارکردنی سەرچاوەکانی ئاو تەحەددایەک بۆ عێراق دروستدەکات و ئاماژەی بە هەوڵەکانی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکان کرد لەسەر بەردانەوەی ئاو بە شێوەیەکی دادپەروەرانە.
ڕاشیگەیاند : کە عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی کە زۆرترین کاریگەری گۆڕانی کەشوهەوای لەسەرە،بۆیە پێویستمان بە پاڵپشتی نێودەوڵەتی هەیە بۆ پشتیوانیکردن لە هەڵوێستەکانمان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکان.
هەر لەدرێژەی بەڕێوەچوونی کۆنفرانسەکەدا"محەمەد تەمیم" جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری پلاندانان، جەختی لەسەر پێویستی ڕێککەوتن لەسەر پەرەپێدانی سیاسەتی هاوبەشی ئاو کردەوە.
وەزیری پلاندانان لە میانەی کۆنفرانسەکەدا بە ئامادەبوانی ڕایگەیاند:- بەستنی چوارەمین کۆنفرانس لە بەغدا دەرفەتێکی گەورەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکان، هەروەک وتی : عێراق پێویستی بە بەڕێوەبردنی پرسی ئاو هەیە بەشێوەیەکی وورد بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان.
ئاماژەی بەوەشدا: هەوڵ دەدەین بۆ چارەسەرکردنی پرسی ئاو هەماهەنگی هاوبەشمان لەگەڵ وڵاتانی سەرچاوەی ئاوەکە هەبێت.
ووتیشی : دۆخی ئاو بەدەست کەمبوونەوە دەناڵێنێت،ئەویش بە هۆی بیابانبوونی بەرفراوان لە وڵاتدا.
وەزیری پلاندانان ڕوونیشیکردەوە کە بەهەدەردانی زۆر و بەکارهێنانی ئاو لەلایەن هاووڵاتیانەوە یەکێکە لە گرفتەکان،پێویستیشە وڵاتانی سەرەوەی عێراق ئاو بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان لەبەرچاوبگرن.
