پارتی داوای دانیشتنێکی بەپەلەی پەرلەمانی عێراق لەبارەی هێرشەکەی سەر هەولێر دەکات
فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، داوای دانیشتنێکی بەپەلەی پەرلەمان بۆ تاوتوێکردنی هێرشە مووشەکییەکەی سەر هەولێر دەکات و دەڵێت، "بۆ هەموو لایەک روونبووەوە، ئامانجی ئێران تێکدانی سەقامگیری عێراق و کوردستانە".
ئەمڕۆ سێشەممە، 16-01-2024، فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا "بە توندی" سەرکۆنەی هێرشە مووشەکییەکەی شەوی رابردووی سوپای پاسدرانی ئێران بۆسەر هەولێر کرد و، داواش دەکات پەرلەمانی عێراق دانیشتنێکی بەپەلە بۆ تاوتوێکردنی هێرشەکە ببەستێت.
فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق داوا لە حکومەتی فیدراڵی دەکات؛ رۆڵی خۆی بگێڕێت لە سەرکۆنەکردن و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری عێراق و، گرتنەبەری رێگەچارەی یاسایی و دیپلۆماسی بۆ وەڵامدانەوەی "ئەم دوژمنکارییە". هاوکات داواش دەکات رێکاری پێویست بگرێتەبەر بۆ پاراستنی ئاسمانی عێراق لە مووشەک و فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکان لەرێگەی دانانی سیستەمی دژە مووشەک.
پارتی داوا لە لایەنە سیاسییەکانی عێراق دەکات هاوهەڵوێست بن لە سەرکۆنەکردنی ئەو هێرشە بەردەوامەنەی دەکرێنە سەر هەولێر و ئاسایش و سەروەری عێراق پێشێل دەکەن. ئاماژە بەوەش کراوە، "بۆ هەموو لایەک روونبووەوە، ئامانجی هێرشەکانی ئێران، پێشێلکردنی سەروەری، تێکدانی ئاسایشی و سەقامگیری عێراق و هەرێمی کوردستانە و، هەوڵدانە بۆ تۆقاندنی خەڵکەکەی".
فراکسیۆنەکە داواش لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی و ئەنجوومەنی ئاسایش دەکات هەڵوێستێکی جددییان هەبێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی ئێران بۆ سەر عێراق و ناوچەکە بە گشتی و بێ دەنگ نەمێنن.
