پارتی رونکردنەوەیەک لەبارەی ئەو تۆمەتانە بڵاودەکاتەوە کە ئاراستەی هۆشیار زێباری کراوە
مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ونکردنەوەیەک لەبارەی ئەو تۆمەتانە بڵاودەکاتەوە کە ئاراستەی هۆشیار زێباری کراوە و دەڵێت، "ئەندامەكەی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی حزبەکەمان، داوای نەکردوە رێککەوتن لەگەڵ بەغدا دوابخرێت".
لە نوسینگەى ڕاگەیاندنى مەکتەبى سیاسیى پارتى دیموکراتى کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، "دوێنێ، لە بەرنامەیەکى ڕادیۆى دەنگى بزوتنەوەى گۆڕان کە لە پلاتفۆڕمەکانى سۆشیال میدیاى فەرمى کەناڵى (KNN)یش بڵاوکراوەتەوە، کەسێک بەناونیشانى بەرپرسى ئۆفیسى دەزگاى ستاندارد لە سلێمانى، بەناوى زانیارى، چەند تۆمەتێکى بەخشیوەتەوە".
ئاماژەی بەوەشكرد، "بەگوێرەی تۆمەتەكان گوایە هەڤاڵ هۆشیار زێبارى، ئەندامى دەستەى کارگێڕى مەکتەبى سیاسیى پارتیمان لە کۆبونەوەیەکدا لەگەڵ بەڕێزان لە مەکتەبى سیاسیى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان باسى لە پرسى دواخستنى ڕێکەوتنى نێوان هەولێر و بەغدا کردوە سەبارەت بە دابینکردنى موچە!".
مەکتەبی سیاسیی پارتی باسی لەوەشكردو، "لێرەوە ڕایدەگەیەنین کە سەرلەبەرى ئەو زانیاریانە ناڕاستن و دەکەونە خانەى تۆمەت بەخشینەوەیەکى بێ بنەما، بەپێچەوانەوە بەڕێز زێبارى و مەکتەبى سیاسى پارتیمان هەمیشە جەختیان لە پاڵپشتى حکومەتى هەرێمى کوردستان کردوەتەوە لە چارەسەرکردنى کێشە و گرفتەکان لەگەڵ حکومەتى فیدڕاڵ".
ئەوەشیخستەڕو، "هاوکات هانى هەردو حکومەت دراوە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکى تۆکمە بۆ دابینکردنى موچە و شایستە داراییەکانى هەرێمى کوردستان و ڕەخساندنى کەشێکى ئارام لەپێناو ژیان و گوزەرانى موچەخۆر و هاوڵاتیانى خۆشەویستى کوردستان".
