پارتی: لە مانگی داهاتودا دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان هەڵدەبژێرێت
وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، دابەشکردنی پۆستەکانی تا ڕادەیەکی زۆر یەکلایی بوەتەوە و لە مانگی داهاتودا، دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان هەڵدەبژێرێت و دەستبەکارەکانی دەکات، دواتر پرۆسەکانی دیکە بەپێی کات و ڕێکاری یاسایی خۆیان بەڕێوەدەچن.
محەممەد مەحمود، وتەبێژی پارتی ئەمڕۆ دوشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، شاندی هاوبەشی یەکێتی و پارتی لەسەر پرەنسیپەکانی پێکهێنانی حکومەت گەیشتونەتە ڕێککەوتن و دابەشکردنی پۆستەکانیش تا ڕادەیەکی زۆر یەکلایی بوەتەوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتودا کۆبونەوەی دیكە بکرێت و چاوەڕوان دەکرێت لە مانگی داهاتودا، دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی کوردستان هەڵبژێرێت و دەستبەکارەکانی بکات.
وتەبێژی پارتی لە وەڵامی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت دەکەوێتە پێش یان دوای هەڵبژاردنەکانی عێراق وتی، "ئەگەر سەرۆکایەتی پەرلەمان پێکبهێنرێت، ئەوا پرۆسەکانی دیکە بەپێی کات و ڕێکاری یاسایی خۆیان بەڕێوەدەچن.
ئەوەشیخستەڕو، ئەوەی بەغدا بەرامبەر خەڵکی کوردستان دەیکات، برسیکردنی خەڵک و فشارخستنەسەرە، ئەگەرنا ڕێککەوتنی باش لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق کراوە. بۆیە پێویستە کێشە هەڵپەسێردراوەکان لە ڕێگەی دیالۆگ و بەپێی دەستور چارەسەر بکرێن، نەک بە بیانو هێنانەوە بۆ دواخستنی چارەسەر.
