پارتێکی کوردی ئێران لەدوای ڕێککەوتنی ئەمنی بەغدا وتاران لەدژی پەکەکە بۆ بەرژەوەندی تورکیا کار دەکات
ئەمڕۆ پێنجشەممە،سەرچاوەیەکی سیاسی ئاشکرایکرد کە پارتی ئازادیی کوردستانی ئێران(پاک) کە ئێستا لە هەرێمی کوردستانی عێراق و شاری هەولێر نیشتەجێیە، بەچاودێری هەواڵگری تورکیا(میت)وەک پارتێکی هەواڵگری کاردەکات بۆ ئاشکراکردنی شوێن وپێگە و چەکدارەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان .
ئەو سەرچاوەیە لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ئاژانسی هەواڵی "موتەڵع"،ئاماژەی بەوە کردووە کە: “پارتی ئازادیی کوردستانی ئێران”، لەڕێگەی ئەزموونە کەڵەکەبووەکانی پێشووی لە هەرێم و کارکردنی بۆ ساڵانێک لە باکووری عێراق،وپاڵپشتیکردنی لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوه، توانی ئەو شوێن وپێگە وچەکدارانە ئاشکرا بکات کە کار بۆ پارتی کرێکارانی کوردستان دەکەن و بەم دواییەشدا پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ ئەنقەرەدا گرێدا،بەتایبەت دوای ئەوەی حکومەتی عێراق ڕێککەوتنی ئەمنی هاوبەشی لەگەڵ ئێران واژۆکرد، هەروەها هەڵوەشاندنەوەی پاسپۆرتی عێراقی بەرپرسانی ئەم پارتە پاڵیان بە ئەندامەکانیەوە نا، بە سەرۆکایەتی بەناو (حوسێن یەزدان بیناە) بۆ ئەوەی ڕوو بکەنە تورکیا و لە ژێر چاودێری هەواڵگری تورکیا (MIT) کار بکەن.
شایەنی باسە تورکیا لەم دواییەدا لەشکرکێشی کردە قوڵایی خاکی عێراقدا، دوای ئەوەی جیهان سەرقاڵی ڕووداوەکانی ململانێی فەلەستین و ئیسرائیل بوو، وناوچەیەکی بەرفراوانی لە پارێزگای دهۆک داگیرکرد وچەندین زاڵگەی ئەمنی لەوێ جێگیرکرد.
