پزشکیان: ئێران بەپێی مادەی 51ی میساقی نەتەوە یەکگرتوکان مافی بەرگری شەرعی خۆی بەکارهێناوە
مەسعود پزیشكیان، سەرۆک کۆماری ئێران ڕایگەیاند، وڵاتەكەی بەپێی مادەی 51ی میساقی نەتەوە یەکگرتوکان مافی بەرگری شەرعی خۆی بەکارهێناوە و جەختی لەوە کردەوە کە "ئەگەر ئەو هێرشانە بەبێ وەڵام بمابایەتەوە، ئەوا شەڕێکی هەمەلایەنە لە ناوچەکەدا سەریهەڵدەدا".
مەسعود پزیشكیان، ئەمڕۆ هەینی لە وتارێکدا لە لوتکەی یەکیەتی ئابوریی ئوراسیا ڕایگەیاند، دامەزراوە ئەتۆمییەکان كە لە ژێر سەرپەرشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی دایە، لە هێرشەکەدا کراونەتە ئامانج كە ئەو هێرشانە هاوکاتبو لەگەڵ دانوستانی ناڕاستەوخۆی نێوان ئێران و ئەمریکا.
ئاماژەی بەوەشكرد، هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان پێکدەهێنێت و "ئەگەر بەبێ وەڵام بمابایەتەوە، ئەوا شەڕێکی هەمەلایەنە لە ناوچەکەدا سەریهەڵدەدا".
مەسعود پزیشكیان باسی لەوەشكرد، "ئەو کردەوانەی ڕژێمی زایۆنی ئەنجامیداون، گورزێکی قەرەبو نەکراوە بو لە هەنگاوەكانی نەهێشتنی بڵاوبونەوەی چەکی ئەتۆمی " جەختی لەوە کردەوە کە نابێت ئەندامێکی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایش، جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتوەکان پێشێل بكات.
دەشڵێت، "ئێران بەپێی مادەی 51ی میساقی میللی نەتەوە یەکگرتوکان مافی بەرگری شەرعی خۆی بەکارهێناوە".
سەرۆك كۆماری ئێران، باسی لە سروشتی هێرشەکان کرد و ئاماژەی بەوەدا کە مامۆستایانی زانکۆ، کارمەندانی سەربازی، نەخۆش و هاوڵاتیانی مەدەنی کراونەتە ئامانج و سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ ئەو وڵاتە سەربەخۆیانە دەربڕی کە هێرشەكەیان شەرمەزار کردوە.
