پەرلەمانتارێکی عێراقی: هەرێم دەیەوێت لەسەر ئەوەی پێشتر کە بو پێچەوانەی دەستور بەدەستیھێنا بەردەوام بێت
یوسف کیلابی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "هەرێم دەیەوێت لەسەر ئەوەی پێشتر بە دەستیهێناوە کە پێچەوانەی دەستوربوە، بەردەوام بێت، ئەمەش بەهیچ شێوەیەک دروست نییە و قبوڵ ناکرێت، دوای ئەوەی حکومەتی فیدراڵی دەستیکرد بە ڕاستکردنەوەی هەڵەکان و جێبەجێکردنی دەستور و یاساکان کەوتنە سەر ڕێچکەی ڕاستی خۆیان، بەتایبەتی دوای ڕزگارکردنی عێراق لە چنگی ڕێکخراوی داعش، هەرێم ئەمەی پێ قبوڵ نییە و دەیەوێت بەردەوام بێت لەسەر ئەو پێشێلکارییانەی کە پێشتر هەبوون".
کیلابی وتیشی، "ئێمە دەمانەوێت لایەنە سیاسیەکانی هەرێم خۆیان یەکلابکەنەوە، ئایا ئەوان چیان دەوێت؟ ئایە دەیانەوێت لە عێراق جیاببنەوە وەک ئەوەی پێشتر پارتی کردی و ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی ڕاگەیاند، یان دەیانەوێت لە چوارچێوەی عێراقێکی فیدراڵی بمێننەوە و پابەندبن بە دەستوری عێراق و دامەزراوە فیدراڵییەکان؟ دەستور دەسەڵاتی هەرێمەکان و حکومەتی فیدراڵی دیاریکردوە لە چوارچێوەی سیستەمێکی لامەرکەزییەت".
بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان بەردەوام ڕەخنەی ئەوە لە دەستەڵاتدارانی عێراق دەگرن بەوەی گوایە تەنها ئەو بڕگانەی دەستور جێبەجێدەکەن کە لەبەرژەوەندی حکومەتی ناوەندن، جێبەجێ نەکردنی ماددەی 140 سەبارەت بە کەرکوک و ناوچە کێشەلەسەرەکان وەک نموونە دەهێننەوە.
