پەرلەمانتارێکی عێراقی هەڕەشە لە تورکیا دەکات کە کاڵاکانی لە عێراق بسوتێنێت
ئەندامی لیژنەی خزمەتگوزارییەکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پەرلەمانتاری سەربەخۆ داوود ئەلعەیدان، هەڕەشەی لە تورکیا کرد کە کاڵاکانی لە عێراق بسوتێنێت و ڕێگری لە هاوردەکردن و بایکۆتکردنیان بکات، لە کاتێکدا جەختی لەوە کردەوە کە گفتوگۆکانی پێشوو لەگەڵ تورکیا بەرهەمی نەبووە، هەروەها هیچ چارەسەرێک لەگەڵ وڵاتانی خاوەنی سامانی ئاویی نەگەیشتووەتە ئەنجام.
داوود عەیدانی لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ئاژانسی "موتەڵع" ڕایگەیاند، "بازرگانی لەسەر بنەمای ئاڵوگۆڕە، بۆیە پێی دەگوترێت بازرگانی و ئابووری، تەنانەت لە سەردەمی سۆمەرییەکان و فیرعەون و کاتەکانی دیکەشدا"، لەبارەی قەیرانی ئاوی عێراق، عەیدانی وتی: "وڵاتانی سەرچاوە لەسەر بنەمای بەکارهێنانی عێراق سوودمەند دەبن و سیاسەتمەداری عێراقی دەزانێت کە ئەو وڵاتانە پشت بە بەکارهێنانی تاکی عێراقی دەبەستن، بەڵام لە ئێستادا هیچ هەنگاوێکی جددی لەو بارەیەوە نەدۆزیوەتەوە"، عەیدانی ئاماژەی بە کۆبوونەوەکەی لەگەڵ کونسوڵی تورکیا کرد کە تیایدا جەختی لەوە کردەوە، "ناچارمان مەکەن کاڵاکانتان کۆ بکەینەوە و بیانسووتێنین و ڕێگری لە هاوردەکردن بکەین، ئەمەش بە دوایین چارەسەر دادەنێین". داوود عەیدانی وتیشی: "چارەسەرەکە میوانداریکردنی وەزیرێک یان بەیاننامەیەکی پەرلەمانی نییە، بەڵکو لە ڕێگەی کاری ڕاستەقینەوە و زاڵبوون بەسەر بەربەستەکاندایە".
