ڕووسیا دامەزراوە وزە و شوێنە سەربازییەکانی ئۆکرانیا دەکاتە ئامانج
وەزارەتی بەرگری ڕوسیا ڕایگەیاند، بە چەکی وردی دوور مەودا و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، لە ماوەی شەوێکدا دامەزراوە وزە و سەربازییەکانی ئۆکرانیایان کردۆتە ئامانج.
ئەمەش لە بەیاننامەیەکدا هات کە وەزارەتەکە بڵاویکردۆتەوە، کە زانیاری لەبارەی هێرشەکانی سوپای ڕوسیا بۆ سەر ئۆکرانیا لەخۆگرتبوو.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە "هێزە چەکدارەکانی ڕوسیا هێرشیان کردە سەر دامەزراوەکانی گاز و وزە، ژێرخانی فڕۆکەخانەی سەربازی و ناوەندەکانی هەڵگرتنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کە دەستەبەری کارکردنی کۆمپانیاکانی پیشەسازی بەرگری ئۆکرانیا دەکەن".
ئاماژەی بەوەشکردووە، هێرشەکە "بە بەکارهێنانی چەکی مەودای دوور و وردبینی بەرز و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە وشکانی و ئاسمانی و دەریاوە لە شەودا ئەنجامدراوە و ئامانجەکانی هێرشەکەش بەدیهاتوون". لە لایەکی دیکەوە ئاماژەی بەوەدا کە سیستەمی بەرگری ئاسمانی لە شەودا ٤٠ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکراینی بەسەر ناوچەکانی ڕووسیادا لەناوبردووە.
