ٚڕەشید: عێراق نمونەی برایەتی و فرەییە
ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرۆك كۆمار عەبدوللەتیف جەمال ڕەشید، تەئكیدیكردەوە: كە عێراق خاوەنی ئەو پێكهاتە ئایینی و مرۆییەیە كە دەیكاتە نمونەی برایەتی و فرەیی.
فەرمانگەی ڕاگەیاندنی سەرۆكایەتی كۆمار لە بەیاننامەیەكدا كەدەستی موتەڵع کەوتووە، دەڵێت: سەرۆك كۆمار عەبدوللەتیف جەمال ڕەشید، ئەمڕۆ چوارشەممە، ، سەردانی ئایەتوڵا فەقیه سەماحەتی سەید حسێن ئیسماعیل سەدری كرد لە بارەگاكەی لە شاری كازمیەی پیرۆز.
لە دیدارەكەدا بارودۆخی گشتی وڵات تاوتوێ كرا و جەخت لەسەر گرنگی بەهێزكردنی یەكڕیزی نیشتمانی و چەسپاندنی بەهاكانی لێبوردەیی و پێكەوەژیان لە نێوان پێكهاتەكانی گەلی عێراق كرایەوە.
سەرۆك كۆمار دووپاتیكردەوە كە عێراق خاوەنی ئەو پێكهاتە ئایینی و مرۆییانەیە كە وای لێدەكات ببێتە نموونەیەك لە برایەتی و فرەییدا، جەختیشی لەسەر ئەوە كردەوە كە قۆناغی ئێستا پێویستی بە یەكگرتنی هەمووان هەیە بۆ پاراستنی دەستكەوتە نیشتمانییەكان و چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری.
لای خۆیەوە، سەید حسێن ئیسماعیل سەدر ستایشی سەردانی فەخامەتی سەرۆكی كرد و گرنگیدانی بە پەیوەندی لەگەڵ سیمبولە ئایینی و نیشتمانییەكان بەرز نرخاند، هەروەها ڕۆڵی سەرۆك كۆماری لە بەهێزكردنی یەكڕیزی نیشتمانی و كۆكردنەوەی هێزە سیاسی و كۆمەڵایەتییە جیاوازەكان لەسەر مێزی گفتوگۆ و گرنگیدانی بە ڕێزگرتن لە دەستوور و سەربەخۆیی دەسەڵاتەكان و ئاراستەكردنی وتارێكی نیشتمانی گشتگیر بەرز نرخاند.
