کۆبوونەوەیەکی گرنگ بۆ تاوتوێکردنی لێپرسینەوە و دادپەروەری سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی پەرلەمان
ئەمڕۆ یەکشەممە،ئەنجومەنی باڵای دادوەری جەختی کردەوە لەسەر جێبەجێکردنی وردی یاسای دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری و ڕێگریکردن لە گەیشتنی ئەو کەسانەی پەیوەندییان بە حیزبی بەعسی ڕووخاوەوە هەیە بۆ ناو پەرلەمان.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی ئەنجومەنی باڵایی دادوەری کەدەستی موتەڵع کەوتووە، تیایدا هاتووە : ئەنجومەنی باڵای دادوەری،بەئامادەبوونی "دادوەر فائق زێدان " سەرۆکی ئەنجومەنی باڵایی دادوەری و جێگرانی سەرۆکی دادگای تەمیزی فیدراڵ و سەرۆکی دەستەی دادوەری بۆ تانەدان لە بڕیارەکانی دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری، و سەرۆکی دەستەی دادوەری تایبەتمەند بە تانەدان لە بڕیاری ئەنجومەنی کۆمسیارانی هەڵبژاردن،و سەرۆکی دەستەی باڵای نیشتمانی بۆ لێپرسینەوە و دادپەروەری،و ژمارەیەک لە ئەندامانی دەستەکە میوانداری کۆبوونەوەیەکی کرد.
راگەیەندراوەکە ئەوەشی خستۆتەڕوو : کە لەکۆبوونەوەکەدا،گفتوگۆکرا لەبارەی ڕێکارەکانی دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری سەبارەت بە هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەران.
هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەکە،ئامادەبووان ڕێککەوتن لەسەر جێبەجێکردنی وردی یاسای دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری و ڕێگریکردن لە گەیشتنی ئەو کەسانەی پەیوەندییان بە حیزبی بەعسی ڕووخاوەوە هەیە بۆ ناو پەرلەمان،و هەروەها ڕێکارەکانی دەستەکە شەفاف بن و ڕێگە نەدرێت ئەم دۆسیەیە بۆ مەبەستی دیکە بەکاربهێنرێت کە لە یاساکەدا ئاماژەی پێ نەکراوە.
