کۆمسیۆن چاپکردنی ٢٢ ملیۆن کاغەزی دەنگدان بە ستانداردی توندی ئەمنی ڕادەگەیەنێت
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ڕایگەیاند، ژمارەی ئەو كاغەزانەی بۆ دەنگدەرانی گشتی تەرخانكراون گەیشتە 22 ملیۆن و 46 هەزار، كە بەپێی ستانداردە ئەمنییە توندەكان چاپدەكرێن، لەگەڵ ئەوەشدا كۆی ژمارەی دەنگدەران گەیشتە 21 ملیۆن و 404 هەزار دەنگدەر.
جومانە غەلای، وتەبێژی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان ئەمڕۆ شەممە لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، ژمارەی ئەو كاغەزانەی بۆ دەنگدەرانی گشتی تەرخانكراون گەیشتە 22 ملیۆن و 46 هەزار و 200، هەروەها ملیۆنێك و 509 هەزار و 300 كاغەزی بۆ هەڵبژاردنی تایبەت ئامادەكراوە. لەگەڵ پەسەندكردنی وەرەقەی یەدەگ.
ئاماژەی بەوەشكرد، كاغەزەكان بەپێی ستانداردە ئەمنییە توندەكان چاپدەكرێن، لەوانەش نیشانەی ئەمنی شاراوە، ڕەنگی تایبەتمەند كە تەنها بە ئامێری تایبەت و تاقیكردنەوە دەستنیشان دەكرێت، هەروەها ئەو تایبەتمەندیانەی كە ڕێگری لە كۆپی كردن دەكەن. جگە لەوەش جۆرێكی كاغەزەكە بەشێوەیەكی تایبەت دروستكراوە نیشانەی هاوشێوەی ئەوانەیە كە لە دراودا بەكاردەهێنرێت.
وتەبێژی كۆمسیۆن باسی لەوەشكرد، دەستەی كۆمیسیاران ڕەزامەندی لەسەر دابەشكردنی كۆتایی دەنگدانی گشتی و تایبەت و ئاوارەكان دەربڕی و كۆی ژمارەی دەنگدەران گەیشتە 21 ملیۆن و 404 هەزار و 291 دەنگدەر.
ئەوەشیخستەڕو، ژمارەی دەنگدەرانی دەنگدانی گشتی گەیشتە 20 ملیۆن و 63 هەزارو 773 كەس و ژمارەی ناوەندەكانی دەنگدانی گشتی گەیشتە هەشت هەزار و 703، كە 39 هەزارو 285 ناوەندی دەنگدان لەخۆ دەگرێت.
وتەبێژی كۆمسیۆن باسی لەوەشكرد، ژمارەی دەنگدەرانی دەنگدانی تایبەت گەیشتوەتە ملیۆنێك و 313 هەزار و 980 كەس كە لە 809 ناوەندی دەنگدانیان بۆ ئامادەكراوە. هەروها ژمارەی دەنگدەرانی ئاوارە گەیشتە 26 هەزار و 538 دەنگدەر، كە 97 ناوەندی دەنگدانی تایبەتی بۆ ئامادەكراوە.
