کۆمسیۆن ژمارەی ئەو دەنگدەرانەی کە کارتی بایۆمەترییان نوێکردووەتەوە بڵاودەکاتەوە
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ژمارەی ئەو دەنگدەرانەی کە کارتی بایۆمەترییان نوێکردووەتەوە، بڵاوکردەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە ١٨ی ئایاری ٢٠٢٥، میدیا عێراقییەکان بڵاویان کردەوە، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ژمارەی ئەو دەنگدەرانەی کە کارتی بایۆمەتریی دەنگدانیان نوێکردووەتەوە راگەیاند و دەڵێت، ژمارەیان گەیشتووەتە ملیۆنێک و ٢٩٢ هەزار و ٤٥ کەس.
دەشڵێت، نەینەوا بە ٢٠١ هەزار و ١٨٢ دەنگدەر پێشەنگی ریزبەندییەکەی گرتووە، دوای ئەویش بەغداد بە ١٣٧ هەزار و ١٢٢ کەس لە پلەی دووەمدایە و کەرخ بە ١٢٧ هەزار و ٧٠٢ دەنگدەرەوە لە پلەی سێیەمدایە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، هەولێر بە ٩٥ هەزار و ٤١٧ دەنگدەر پلەی چوارەمی ریزبەندییەکەی بەدەستهێناوە، سەڵاحەدین بە ٧٤ هەزار و ٨٠٨ دەنگدەر پلەی پێنجەمە، ئەنبار بە ٧١ هەزار و ٨٢٥ دەنگدەر لە پلەی شەشەمدایە و، کەرکوکیش بە ٧١ هەزار و ٤٠٧ دەنگدەر پلەی حەوتەمی بەدەستهێناوە.
