کۆمیسیۆن میکانیزمەکانی پاراستنی دەنگی دەنگدەران ئاشکرا دەکات
حەسەن هادی زایەر، ئەندامی تیمی ڕاگەیاندنی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، جەختی کردەوە کە کۆمیسیۆن لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ دۆسییەی بانگەشەی هەڵبژاردن دەکات بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەمانەتی بەغدا و فەرمانگە شارەوانییەکان لە پارێزگاکان، لە هەمان کاتدا ئاماژەی بەوەدا کە گواستنەوەی داتاکانی هەڵبژاردن بە سێ قۆناغ پارێزراوە بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتی دەنگی دەنگدەران.
زایەر لەلێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فەرمی کەموتەڵع بەدواداچوونی بۆ کردووە ڕایگەیاند: "لێژنەیەکی باڵای بەدواداچوون و چاودێری هەیە کە بەپێی سیستەمی ژمارە (4)ی ساڵی 2025ی تایبەت بە بانگەشەی هەڵبژاردن کار دەکات"، ڕوونی کردەوە کە "ئەمانەتی بەغدا چاودێریی ڕێکلامەکانی سەر دوورگە ناوەڕاستییەکانی شەقامەکان دەکات، لە کاتێکدا کۆمیسیۆن بەدواداچوون بۆ بانگەشەکان لە فەرمانگە حکومییەکان، مزگەوتەکان، حوسێنییەکان و بنکەکانی دەنگدان دەکات".
ناوبراو وتیشی: "ڕێکارەکانی گرتنەبەریان بەرامبەر بە سەرپێچیکاران بریتین لە سەپاندنی سزای دارایی و لابردنی ئەو بانگەشانەی کە سنووریان بەزاندووە، و ژمارەیەکی زۆر لە سزای دارایی بە کردەوە جێبەجێ کراوە"، داوای لە کاندیدەکان کرد کە "پێداچوونەوە بەو سیستەم و ڕێنماییانە بکەن کە سێ مانگ لەمەوبەر دەرچوون، بەتایبەتی کە ئەمە شەشەمین ئەزموونی هەڵبژاردنە لە وڵاتدا".
زایەر ئاماژەی بەوەدا کە "هەڵبژاردنی ئێستا بە پشت بەستنی تەنها بە کارتی بایۆمەتری جیا دەکرێتەوە بەپێی یاسای ژمارە (4ی) هەموارکراو، کە پڕۆسەی دەنگدانی سەلامەتتر کردووە"، ڕوونیشی کردەوە کە "ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان بە شێوەیەکی گەورە بەشدار بوون لە پاراستنی پڕۆسەی هەڵبژاردن، بە جۆرێک کە ڕێژەی ساختەکاری لە یەک وێستگەدا گەیشتووەتە سفر".
ڕوونی کردەوە کە "کۆمیسیۆن نزیکەی 23 ملیۆن کاغەزی دەنگدانی چاپ کردووە، کە 19 جۆری لەخۆ گرتووە، لەوانە کاغەزێکی تایبەت بۆ دەنگدانی تایبەت و ئاوارەکان"، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە "کاغەزی هەڵبژاردنەکە بە ئەلگۆریتم و وردەکاریی ورد پارێزراوە کە ڕێگە لە کۆپیکردن یان ساختەکردنی دەگرێت، و لە پاراستندا لە دراوی کاغەزی دەچێت".
ئاماژەی بەوەدا کە "کۆمیسیۆن گرنگییەکی زۆر بە ئەمنییەتی سایبەری دەدات، کە سێ قۆناغی سەرەکی بۆ پاراستنی دەنگی هەڵبژاردن لەخۆ دەگرێت ، گواستنەوەی داتاکان لەرێگەی میدیای گواستنەوەی ڕاستەوخۆ (الوسط الناقل) ههروهها گواستنەوەی داتاکان لەرێگەی فلاش مێمۆری لە ماوەی شەش کاتژمێر دوای کۆتاییهاتنی دەنگدان و له كۆتایشدا ژماردن و جیاکردنەوەی دەستی کە لە کاتژمێر شەشی ئێوارە دەست پێدەکات و تاوەکو نیوەی شەو بەردەوام دەبێت.
جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە "ئەم ڕێکارانە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان شەفافتر و وردتر دەکەنەوە".
