گۆتێرێس بە پیرۆزبایی سەرکەوتنی هەڵبژاردنەکان: عێراق ئەمڕۆ وڵاتێکی جیاوازە خاوەن ئەمن و ئارامییە
ئەمڕۆ شەممە ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان پشتیوانی خۆی بۆ عێراق لە بنیاتنانی وڵاتێكی ئاوەدان و سەقامگیر دووپاتكردەوە و ئاماژەی بەوەدا كە شایەتحاڵی بوێری و خۆڕاگری و ئیرادەی عێراق بووە لە تێپەڕاندنی تیرۆر و دەستوەردانی دەرەكی و تائیفەگەری.
لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران،كە ئاژانسی هەواڵی موتەڵع بەدواداچوونی بۆ کردووە گۆتێرێس ڕایگەیاند : عێراق خاكی شارستانیەت و مێژوو و مرۆڤایەتییە و ئێمەش شاهیدی بوێری و خۆڕاگری و ئیرادەی ئەو وڵاتە بووین لە تێپەڕاندنی تیرۆر و دەستوەردانی دەرەكی و تایفەگەری، ئاماژەی بەوەشكرد، پابەندبوونی عێراق بەرز دەنرخێنین بۆ گەڕاندنەوەی هاووڵاتیانی لە كەمپی هۆڵەوە.
گۆتێرێس پیرۆزبایی لە عێراق كرد بە بۆنەی بەڕێوەچوونی سەركەوتووانەی هەڵبژاردنەكانی ئەم دواییەی عێراق و هیوای خۆی دەربڕی كە حكومەتی عێراق متمانە و سەقامگیری لە وڵاتدا بنیات بنێتەوە.
ئاماژەی بەوەشكرد : ئەركی یۆنامی لە عێراق هاوكار بوو لە ئاوەدانكردنەوەدا دوای دەیان ساڵ شەڕ، ئامانجیشمان پاڵپشتیكردنی عێراق بوو لە هەوڵەكانی بۆ گەڕاندنەوەی سەقامگیری، ئاماژەی بەوەشكرد بە داخستنی ئەركەكە، دەزگای گرنگی گەشەپێدانی مرۆیی دەمێنێتەوە، ئێمەش لەگەڵ عێراق وەستاوین بۆ بنیاتنانی وڵاتێكی ئاوەدان و سەقامگیر.
