یاسای لێبوردەیی گشتی دەچێتە بواری جێبەجێکردن و پێشبینی دەکرێت 50%ی زیندانیان ئازادبن
لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق ڕۆژی پێنجشەممە پێشبینی کرد، کە یاسای لێبوردنی گشتی نزیکەی نیوەی زیندانیانی عێراق دەگرێتەوە و ئاماژەی بەوەشکرد کە لە ماوەی داهاتوودا بەندیخانەکان کەمبوونەوەی ڕێژەی زیندانیان بەشێوەی بەرچاو بەخۆوە دەبینن.
عەلی بەنداوی، ئەندامی لیژنەگە دەڵێت: "یاساکە دەستی بە جێبەجێکردن کردووە، بەڵام ڕێوشوێنی ورد دەگرێتەبەر"، دەشڵێت: لێبوردنی گشتی ژمارەیەکی زۆر لە تۆمەتباران دەگرێتەوە، جگە لە گروپە تیرۆریستییەکان و ئەوانەی دەستیان بە تاوانی کوشتن هەبووە.
ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت: لەوانەیە لە 40 بۆ 50 لە سەدا ڕێژەی زیندانیان لە بەندیخانەکان کەم ببێتەوە، چونکە لێبوردنی گشتی چەندین تاوانی بچووک دەگرێتەوە، وەک و ماددە هۆشبەرەکان کە بڕیان لە 50 گرام کەمترە.
ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری جەختی لەوە کردەوە کە جێبەجێکردنی یاساکە یارمەتیدەر دەبێت بۆ کەمکردنەوەی گوشارەکان لەسەر بەندیخانەکان و کەمکردنەوەی تێچوونە داراییەکانی دەوڵەت بەتایبەتی لە بواری خواردنی زیندانییەکان و دابینکردنی پێداویستی لۆجستیکی.
