یۆڤانتۆس دەستبەرداری ڤلاهۆڤیچ و رابیۆ نابێت
بەڕێوەبەری وەرزشی یۆڤانتۆس دوپاتیکردەوە ڤلاهۆڤیچ و رابیۆ لەگەڵ یانەکەیان دەمێننەوە و یاریزانی تریش ناکڕن.
کریستیانۆ جینتۆلی، بەڕێوەبەری وەرزشی یانەی یۆڤانتۆسی ئیتاڵی داهاتووی هەردوو یاریزانی یانەکەی ئادریان ڕابیۆی فەرەنسی و دوسان ڤلاهۆڤیچی سڕبی یەکلاییکردەوە و دوپاتیکردەوە لە یانەکە دەمێننەوە.
گرێبەستی یاریزانە فەرەنسییەکە لەگەڵ خانمە پیرەکە لە کۆتایی وەرزی ئێستادا کۆتایی دێت، لە بەرامبەردا گرێبەستی هێرشبەرە سربییەکە لەگەڵ بیانکۆنێری تا مانگی حوزەیرانی 2026ە.
جیۆنتۆلی لە لێدوانێکدا کە فابریزیۆ ڕۆمانۆ، ڕۆژنامەنووسی شارەزا لە هەواڵی بازاڕی گواستنەوە بڵاویکردوەتەوە سەبارەت بە داهاتووی ڕابیۆ وتی: دەمانەوێت باشترین یاریزانەکانمان بهێڵینەوە و گەشبینین بە نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی رابیۆ لە چەند هەفتەی داهاتوودا.
هەروەها لە درێژی قسەکانیدا سەبارەت بەوەی ئۆفەریان لە ئارسناڵەوە گەیشتووە پێیان بۆ گواستنەوەی دوسان ڤلاهۆڤیچ، بەڕێوبەرەکەی یۆفانتۆس رایگەیاند، هیچ ئۆفەریکیان لە یانە لەندەنیەکەوە بۆ نەهاتووە و ئاگاداری هیچیش نین.
لە کۆتایی قسەکانیدا جینتۆلی سەبارەت بە گواستنەوەی کاڵڤین فلیپس و هۆیبێرگ رایگەیاند، لەم ساتەدا هیچ دەرفەتێک نابینن بۆ گواستنەوەی ئەو یاریزانانە چ لە ڕووی تەکنیکییەوە و چ لە ڕووی داراییەوە، وە مەرج نییە یانەکە یاریزانی نوێ بگوازێتەوە.
