پۆلیس دەستگیرکردنی ئەو کەسەی ڕاگەیاند کە باوکی خۆی لە شاری سلێمانی کوشتبوو
لەسەر دۆسیەی كوشتنی كەسێک لە سلێمانی تۆمەتبارێک دەستگیركرا.
بەڕێوبەرایەتی گشتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ڕۆژی شەممە ڕایگەیاندووە، لەلایەن مەفرەزەكانی نوسینگەی لێكۆڵینەوە لە تاوانی كوشتن - بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی سلێمانی كەسێک دەستگیركرا كە تۆمەتبارە بە كوشتنی باوكی.
دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو هەواڵی كوشتنی كەسێک بڵاوبوویەوە، پۆلیسی سلێمانی دەستبەجێ مەفرەزەكانی پۆلیسی سلێمانی گەیشتنە شوێنی ڕووداوەكەو كەشف و هێڵكاری بۆ شوێنی ڕووداوەكە كرا و زانیارییە سەرەتاییەكان دەریانخست كە باوكێكدک لەلایەن كوڕەكەیەوە كوژراوەو تۆمەتبار هەڵاتووە.
پۆلیسی سلێمانی ڕاشیگەیاندووە، هێزەكانی پۆلیس لێكۆڵینەوەو بەدواداچوونەكانیان بۆ دۆزینەوەو دەستگیركردنی تۆمەتبار دەستیپێكرد و دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر توانرا هەمان شەو لەلایەن مەفرەزەكانی نوسینگەی لێكۆڵینەوە لە تاوانی كوشتن - بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی سلێمانی تۆمەتبار بدۆزرێتەوەو دەستگیربكرێت و دەستیش بگیرێت بەسەر ئەو چەكەدا كە تاوانەكەی پێ ئەنجام درابوو.
لە ئێستادا تۆمەتبار (م، م، ع لەدایكبووی 2002) بەبڕیاری دادوەرو بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عیراقی ڕاگیراوە.
