راوێژکاری ئەڵمانیا پەیامەکەی ئۆجەلان بە دەرفەتێک بۆ گەیشتن بە چارەسەری ئاشتییانەی پرسی کورد ناودەبات
ئۆلاف شۆڵز، راوێژکاری ئەڵمانیا، پێشوازیی لە پەیامەکەی ئۆجەلان کرد و، بە دەرفەتێک بۆ گەیشتن بە چارەسەری ئاشتییانەی پرسی کورد ناویبرد. حکومەتی بەریتانیاش پێشوازیی لە پەیامەکە کرد و داوایکرد هەموو لایەنەکان لە پرۆسەیەکی ئاشتییانەدا بەشداربن.
شتێفان زایبەرت، گوتەبێژی حکومەتی ئەڵمانیا لە زاری ئۆلاف شۆڵز، راوێژکاری ئەڵمانیاوە رایگەیاند، بانگەوازەکەی ئۆجەلان دەرفەتێک دەڕەخسێنێت بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و گەیشتن بە چارەسەری ئاشتییانەی پرسی کورد.
هاوکات وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیاش پەیامەکەی ئۆجەلانی بە "هەلێکی مێژوویی" بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی دەیان ساڵە لە تورکیا ناوبرد و گوتی، کۆتاییهێنان بە توندوتیژی هەنگاوی یەکەمە و گرنگە، بەڵام هەنگاوی زیاتر پێویستە بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی بەردەوام، ئەوەش لە رێگەی رێزگرتن و بەرزڕاگرتنی مافە کولتووری و دیموکراتییەکانی کورد لە تورکیا.
