کارەبای هەرێم پێشوازیی لە چالاکیی کاتژمێری زەوی دەکات
وەزارەتی کارەبای هەرێم رایدەگەیەنێت، پێشوازیی لە چالاکیی کاتژمێری زەوی دەکات
وەزارەتی کارەبای هەرێم رایدەگەیەنێت، دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە رایگەیاندووە لە کۆتا شەممەی مانگی ئادار، چالاکیی کاتژمێری زەوی، وەک چالاکییەکی جیهانی لە هەرێمی کوردستانیش بەرز رادەگیرێت و چالاکییەکە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی خەڵک و پاراستنی ژینگەیە و ساڵانە لە زیاتر لە 100 وڵاتی جیهان بەڕێوەدەچێت.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، وەزارەتی کارەبا بە پێداگیری لەسەر ئەرک و پلانی خۆی بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری لە چوارچێوەی پڕۆژەی رووناکی، ئەم چالاکییەی ژینگەپارێزان گرنگ دەنرخێنێت و هیوادارە ئەم جۆرە چالاکییانە ببنە هاندەر و هەوێنێک بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی هەموومان بۆ بەکارهێنانی کارەبا بە شێوەیەکی تەندروست و ئابورییانە، بۆ ئەوەی بتوانین لە ئاییندەیەکی نزیکدا کارەبای 24 کاتژمێری بۆ هەموو ناوچەکانی کوردستان دابینبکەین.
