بافڵ جەلال تاڵەبانی و نوری مالیکی پرسی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق تاتوێ دەکەن
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەغداد ، لەگەڵ نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا کۆبووەوە و جەختیان لە گرنگیی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد کردەوە.
بەگوێرەى راگەیەندراوێکی نووسینگەی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی، پەرۆشی حیزبەکەی بۆ پتەوکردنی یەکڕیزیی نیشتمانی و بەردەوامی دیالۆگی بەرپرسیارانەی نێوان سەرجەم لایەنەکان دووپاتکردووەتەوە، بۆ پاراستنی سەقامگیریی سیاسی و نەهێشتنی بەربەستەکانی بەردەم حکومڕانی لە وڵاتدا.
پرسی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق و رێگەخۆشکردن بۆ ئەنجامدانی لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا گفتوگۆی وردی لەسەرکرا و هەردوولا جەختیان لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد کردەوە کە ببێتە مایەی ئارامی زیاتر و خۆشگوزەرانی بۆ هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان و عیراق.
