نێچیرڤان بارزانى بانگهێشتنامه‌یه‌كى پێگه‌یشت بۆ به‌شداریكردن له كۆڕبه‌ندى ده‌وحه
نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان بانگهێشتنامه‌یه‌كى له محه‌مه‌د بن عه‌بدولڕه‌حمان ئال سانى، سه‌رۆك وه‌زیرانى قه‌ته‌ر پێگه‌یشت بۆ به‌شداریكردن له كۆڕبه‌ندى ده‌وحه.
سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڵاویكرده‌وه، پاشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه نێچیرڤان بارزانى پێشوازیى له حسێن بن عه‌لى ئه‌لفه‌زاله، كونسوڵى گشتیى قه‌ته‌ر له هه‌رێمى كوردستان كرد و له دیدارێكدا ئه‌لفه‌زاله، بانگهێشتنامه‌یه‌كى محه‌مه‌د بن عه‌بدولڕه‌حمان ئال سانى، سه‌رۆك وه‌زیرانى قه‌ته‌رى بۆ به‌شداریكردن له كاره‌كانى كۆڕبه‌ندى ده‌وحه‌دا، گه‌یانده بارزانى كه بڕیاره مانگی 12ی داهاتو، به چاودێریى شێخ ته‌میم بن حه‌مه‌د ئال سانى،میرى قه‌ته‌ر به‌ڕێوه‌بچێت.
سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌یى نیشاندا كه به‌شدارى له كۆڕبه‌نده‌كه‌دا بكات، هه‌روه‌ها جه‌ختى له خواستى هه‌رێمى كوردستان بۆ بره‌ودان به په‌یوه‌ندییه‌كان و فراوانكردنى هاریكاریى هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ قه‌ته‌ردا، كرده‌وه.
لاىخۆیه‌وه كونسوڵى گشتیى قه‌ته‌ر دوپاتى كرده‌وه كه "سه‌ركردایه‌تیى وڵاته‌كه‌ى، به بایه‌خ و گرنگییه‌وه له په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌ڕوانێت و خوازیارى ئه‌وه‌ن له هه‌مو بواره‌كاندا ئاستى په‌یوه‌ندییه‌كان به‌ره‌وپێش ببه‌ن"، هه‌ر له‌مباره‌یه‌وه هه‌ردولا تیشكیان خسته سه‌ر ده‌رفه‌تى كار و وه‌به‌رهێنانى قه‌ته‌رى له عێراق و هه‌رێمى كوردستان.
