پەکەکە: لەسێ ڕۆژی ڕابردوو کۆنگرەمان بەستووە و بەمزوانە ئەنجامەکەی رادەگەیەنین
لە دوای پەیامەکەی ئۆجەلان بۆ بەرەوپێشبردنی پرۆسەی ئاشتی و داواکردن بۆ خۆهەڵوەشاندنەوەی پە*کە*کە، پارتەکە دەڵێت، لە سێ رۆژی رابردوودا بۆ ئەو مەبەستە کۆنگرەی ناوخۆیان بەستووە و بەم زووانە دەرئەنجامەکان بۆ رایگشتی دەخەنەڕوو.
ئەمڕۆ هەینی ٩ی ئایاری ٢٠٢٥، پارتی کرێکارانی کوردستان ناسراو بە پە*کە*کە بڵاویکردەوە، لە سێ رۆژی رابردوودا سەبارەت بە پرسی خۆهەڵوەشاندنەوەیان لەسەر داواکەی ئۆجەلان کۆنگرەی ناوخۆی حزبەکەیان بەستووە و لە داهاتوویەکی نزیکدا بڕیاری کۆتاییان بڵاودەکەنەوە.
هاوکات، پەروین بوڵدان، ئەندامی شاندی ئیمراڵی وتی، پێیان ناوەتە قۆناغێکی نوێوە و بەردی بناغەی ئاشتی لە تورکیا دانرا.
راگەیەنراوەکەی پەکەکە دوای ئەوە دێت کە لە کۆتایی مانگی دووی ئەمساڵدا ئۆجەلان لە رێگەی شاندی ئیمراڵییەوە پەیامی ئاشتیی نارد و تیایدا داوای کرد پەکەکە کۆنگرەی ناوخۆ ببەستن و خۆیان هەڵبوەشێننەوە.
