لاهور شێخ جەنگی : پێشوازی لە بڕیارەکانى کۆنگرەى 12ـیەمینى پەکەکە دەکەم
ئەمڕۆ دووشەممە ،لاهور شێخ جهنگی، سهرۆكی بهرهی گهل ڕایگهیاند، پێشوازی لە بڕیارەکانى کۆنگرەى 12هەمینى پارتی کرێکارانی کوردستان دهكات، وتیشی، "دەسەڵاتدارانی ئهنقەرە بەرپرسیارێتیی گەورە و مێژوییان دەکەوێتە سەرشان، پێویستە بڕیارى خێرا و بوێرانە بدەن بە ئاڕاستەى چارەسەرى یەکجارى کێشەى کورد".
شێخ جهنگی لەبەیاننامەیەکدا رایگەیاند، "کۆنگرەى پارتی کرێکارانی کوردستان و بڕیاردان لە خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتى چەکداریی، پێدانی بەهای زیاترە بە پرۆسەى ئاشتى و چارەسەریى لە تورکیا و هەنگاوێکى ئەرێنییە بۆ دوورکەوتنەوە لە شەڕ و ئاڵۆزی".
ئاماژهی بهوهشكردوه، "پێشوازی لە بڕیارەکانى کۆنگرەى 12ـیەمینى پارتی کرێکارانی کوردستان دەکەم، پێشتر و ئێستاش هانی هەڤاڵانى پەکەکە و دەوڵەتی تورکیامان داوە لەبری شەڕ و خوێنڕشتن بگەڕێنەوە بۆ مێزى دانوستان و بە ئاشتى ئەو ململانێ مێژووییەى لەنێوان هەردوولا دروست بوە چارەسەر بکەن".
لاهور شێخ جهنگی دهڵێت، "پەیامەکەى بەڕێز ئۆجەلان لە 27ـى شوبات و کۆنگرەکەى ئێستاى پەکەکە بۆ چەکدانان و خۆهەڵوەشاندنەوە، نیاز پاکییەکى گەورەى کورد بۆ گەلانی تورکیا و دەسەڵاتدارانی وڵاتەکە نیشاندەدات، دەریدەخات کورد گەلێکى ئاشتیخوازە و لە ئەگەرى هەبونى کەمترین ئاسۆ بۆ ئاشتى و چارەسەر، هەرگیز بیر لە چەک و شەڕکردن ناکاتەوە".
ئهوهشی خستهڕو، "لەم پرۆسەیەدا و دواى کۆنگرەکەى پارتى کرێکارانى کوردستان، ئەوەی ماوەتەوە دەوڵەتی تورکیایە، دەسەڵاتدارانی ئهنقەرە بەرپرسیارێتیی گەورە و مێژوییان دەکەوێتە سەرشان، پێویستە لێرە بەدواوە بڕیارى خێرا و بوێرانە بدەن بە ئاڕاستەى چارەسەرى یەکجارى کێشەى کورد و رێگە نەدەن پرۆسەکە لە هیچ شوێنێکدا تەگەرەى بۆ دروست بێت، تاوەکو دەگاتە دوامەنزڵ و ئیتر بۆ هەمیشە کورد و تورک پێکەوە بە ئاشتى بژین".
