سودانی پێشوازی لە سەرۆک کۆماری سۆماڵى فیدراڵ دەکات
ئەمڕۆ هەینی ،سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، پێشوازی کرد لە سەرۆک کۆماری سۆماڵى فیدراڵ حەسەن شێخ محەمەد.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆك وەزیران لە بەیاننامەیەكدا بڵاویکردەوە:"سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، پێشوازی کرد لە سەرۆک کۆماری سۆماڵى فیدراڵ حەسەن شێخ محەمەد، کە بەمەبەستی بەشداریکردن لە کارەکانی 34"ـەمین لووتکەی عەرەبی گەیشتە بەغداد، و سبەی شەممە بەغدادی پایتەخت میوانداری دەکات".
بەگوێرەی بەیاننامەكە ، سودانی جەختی "لەسەر ئامادەکردنی هەموو مەرجەکانی سەرکەوتنی لووتکەی عەرەبی کردەوە، بۆ دەرکردنی بڕیارەکان، بەشێوەیەک لەگەڵ قەبارەی تەحەدا و پێشهاتە عەرەبی و ناوچەییەکاندا بگونجێت".
لە لای خۆیەوە سەرۆکی سۆماڵ "هیوای خۆی بۆ سەرکەوتنی لوتکەی بەغداد دەربڕی" و جەختی لەسەر "گرنگی پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان هەردوو وڵات و ئامادەیی بۆ پەرەپێدانی هاوکاری ئابووری دوولایەنە کردەوە، لەبەر ڕۆشنایی ئەو سەرچاوە و سامانە سروشتیانەی کە وڵاتەکەی هەیەتی بەشێوەیەک سوودی بۆ هەردوو وڵات هەبێت".
