خەزعەلی وحەسان دۆسییەی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو و کاردانەوەی دۆخی ناوچەکە تاوتوێ دەکەن
قەیس خەزعەلی ئەمینداری گشتی بزووتنەوەی عەسائیب ئەهلی حەق، ئەمڕۆ چوارشەممە لەگەڵ محەمەد حەسان، نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق کۆبووەوە. تاوتوێی پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی عێراق و هەروەها هەڵبژاردنەکانی داهاتوویان کرد و جەختیان لەسەر پێویستی بێگەردی هەڵبژاردنەکانیان کردەوە. هەروەها باس لە کاردانەوەکانی دۆخی هەرێمایەتی و مەترسییەکانی بۆ سەر سەقامگیری ناوچەکە کرا.
نوسینگەی خەزعەلی لە بەیاننامەیەکدا کە دەستی موتەڵع کەوتووە ڕایگەیاندووە: "قەیس خەزعەلی ئەمینداری گشتی بزووتنەوەی عەسائیب ئەهلی حەق ئەمڕۆ لە نووسینگەکەی پێشوازی لە نوێنەری ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق بەڕێز محەمەد حەسان کرد".
لە بەیاننامەکەدا وتیشی: لە میانی دیدارەکەدا، پەرەسەندنی سیاسی و ئەمنیی عێراق، جگە لە کاردانەوەی دۆخی ناوچەکە، بەتایبەتی دەستدرێژییەکانی ئەم دواییەی زایۆنیستەکان بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئەو مەترسییانەی لەسەر سەقامگیریی ناوچەکە دروستی دەکات، تاوتوێ کرا.
لە کۆتاییدا هەردوولا باسیان لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو کرد، جەختیان لە گرنگی دەستەبەرکردنی بێگەردی و دروستکردنی کەشێکی گونجاو بۆ بەڕێوەچوونیان بە شێوەیەک کردەوە کە متمانەی گشتی بە پرۆسەی دیموکراسی بەرز بکاتەوە.
